فراکسیۆنی گۆڕان (17) پڕۆژە یاسا ئامادە دەکات

18/09/2019

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژە یاسای تایبەت بە دڵنیایی کۆمەڵایەتی و پاراستنی منداڵ و زیادەڕەوی و مادە هۆشبەرەکان و خانەنشینی و وەبەرهێنان و قەدەغەکردنی رێکخستنی حیزبی لەناو هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات.

بەپێی کارنامەی خۆی بۆ وەرزی نوێی یاسادانان، فراکسیۆنی گۆڕان ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد کە پێکهاتون لە (17) پڕۆژە یاسا و تایبەتن بە (دڵنیایی کۆمەڵایەتی، پاراستنی منداڵ، زیادەڕەوی لەسەر موڵکی دەوڵەت، دەستی گشتی سەلامەتی بەرهەمی خۆماڵی و هاوردەکان، داواکاری گشتی، بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان، خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ، قەدەغەکردنی رێکخستنە حیزبیەکان لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش، کۆمپانیای کوردستان بۆ پاڵاوتن، دەستەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری گوندەکان، وەبەرهێنانی پشەسازی، هەمواری یاسای وەبەرهێنان، بەرکارکردنی یاسای خانەنشینی فیدراڵی، گەشەپێدان و پاراستنی خێزان، پاراستنی مافی نەخۆش و هێزکاری تەندروستی و یاسای بیمەی تەندروستی حکومیی لە هەرێمی کوردستان).

لەسەرەتای ئەم مانگە و کردنەوەی خولی پایزه‌ی پەرلەمانی کوردستاندا، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: بۆ وەرزی نوێی یاسادانان چەندین پڕۆژە یاسامان ئامادەکردوە و پێشکەشی دەکەین، ئەوانیش: دەرچواندنی یاسای کاری عێراقی، پڕۆژە یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە، بە خوێندنەوەی وەقیعی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە جێگیرکردنی ژمارە و بە سیستمکردنی ژمارە و  دواتر بە چەند قۆناغێک و بەپێی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان پاشەکەوتی موچە بۆ فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ پێشنیازی دیکەیان ئامادەیە بۆ بە یاسایی کردنی دامەزراندنی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان، کە ئەوەش پاڵپشتی و هانی خوێندن دەدات لە کوردستاندا، چونکە ئەگەر یەکەمەکان بێ ئومێدبن ئەنجامێکی باشی نابێت لەگەڵ دۆزینەوەی رێگەی پێویست بۆ خۆبەخش و گرێبەستەکان.


هەواڵی زیاتر