بەڵێن ئیسماعیل: سیاسەتی هەرێممان لەبارەی نەوتەوە گەیاندە لیژنەی سامانە سروشتییەكانی بەغدا
28/09/2019
سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، سیاسەتی ئێستای هەرێمیان گەیاندوەتە لیژنەی نەوت و سامانە سروشتییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەوانیش لای خۆیانەوە بەڵێنیان داوە كە لە نزیكترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەین بەمەبەستی چارەسەری كێشەی نەوت و بودجە لەنێوان هەرێم و بەغدا.
بەڵێن ئیسماعیل پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان و سەرۆكی لیژنەی وەزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە (سبەی) راگەیاند: ئەمڕۆ وەفدێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی شاری بەغدای كرد بۆ بەشداریكردن لە دیداری رافیدەین بۆ ئاسایش و ئابوری، بە باشمان زانی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كۆببینەوە و گفتوگۆ بكەین، لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی لیژنەی دارایی و لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانمان كرد.
وتیشی: لە كۆبونەوەمان لەگەڵ لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی ئەنحومەنی نوێنەرانی بەغدا، تەوەرەكانی كۆبونەوەكەمان بریتی بون لە هەماهەنگیكردن لەكەڵ لیژنەی سامانە سروشتییەكان و لەو چوارچێوەیەشدا بەرەسمی بانگهێشتمان كردن بۆ ئەوەی سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكەن، ئەوانیش لای خۆیانەوە ئامادەییان پیشاندا كە لە زوترین كاتدا ئەو سەردانە ئەنجام بدەن.
رونیشیکردەوە: هەر لە كۆبونەوەكەدا سیاسەتی ئێستای هەرێمی كوردستان، (ئەوەی كە لە ناو پەرلەمانی كوردستان و ئەوەی نوێنەرانی حكومەتی هەرێم لەناو پەرلەمان باسیان كردوە) گەیاندمان و جەختمان كردەوە كە سیاسەتی ئێستای هەرێم تاكە چارەسەرە بۆ ئەوەی كۆتایی بە كێشەكان بهێنرێت لەڕێی دیالۆگ و گفتوگۆوە، جەختمان لەسەر نیازپاكیی حكومەتی هەرێم كردەوە كە ئەگەر شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا پارێزراو بێت، ئەوا هەرێمیش ئامادە دەبێت مانگانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی كۆمپانیای (سۆمۆ) بكات.