مستەفا سەید قادر: شهڕ و پشێوى، تهنيا ئاڵۆزييهكان زياتر دهكهن
14/10/2019
جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، رایدەگەیەنێت؛ شهڕ و پشێوى، تهنيا ئاڵۆزييهكان زياتر دهكهن و دهسكهوتهكانى تێكشكاندنى داعش دهخهنه مهترسييهكى جددييهوه و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دێنێتە ئاراوە، بۆيه داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين رۆڵى خۆى له راگرتنى شهڕ و گێڕانەوەى ئاشتى و ئارامى بگێڕێت و ئێمهش بۆ ههمو هاوكارييهك لهپێناو ئاشتيدا ئامادهين.
مستەفا سەید قادر، جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە وتەیەکدا لە کۆنفڕانسى هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بۆ ئاشتی و سەقامگیری کە ئەمرۆ لە هەولێر بەڕێوەچو، باسى لەوەکرد کە پەیوەندیی ئابوری و بازرگانی، یەکێکە لەو فاکتەرە سەرەکیانەی، رۆڵی کاریگەری هەیە لە بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان وڵاتان و گەلانی جیهاندا، وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریش گەورەترین دەروازەن بۆ هەنگاونان بەرەو دۆستایەتی و پەیوەندیی دروست و بەهێزی بەردەوام لەنێوان وڵاتان و گەلاندا.
ئاماژەى بەوەشکرد کە باشبونى پەیوەندییەکانى هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عیراق رەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر چالاکیی ئابوری و سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق "ئێوە و هەمو ئەوانەى دەیانەوێت لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى بکەن، دەتوانن هەرێمى کوردستان وەک دەروازەیەک بۆ تەواوى عێراق بەکار بهێنن، بۆ ئەم مەبەستەش هەرێمى کوردستان هەمو هاوکارى و ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات".
لەبارەى دۆخى سوریا و هێرشەکانى سوپاى تورکیاوە، جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان وتى: "ئێمه له ههرێمى كوردستان به دڵگرانى و نيگهرانييهكى قوڵهوه له دۆخهكه دهڕوانين و پێمان وايه شهڕ و پشێوى، تهنيا ئاڵۆزييهكان زياتر دهكهن و دهسكهوتهكانى تێكشكاندنى داعش دهخهنه مهترسييهكى جددييهوه و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش دێنێتە ئاراوە. بۆيه داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين رۆڵى خۆى له راگرتنى شهڕ و گێڕانەوەى ئاشتى و ئارامى بگێڕێت و ئێمهش بۆ ههمو هاوكارييهك لهپێناو ئاشتيدا ئامادهين".
دەقى وتەى مستەفا سەید قادر، جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان
ئامادەبوانى بەڕێز، ئەم کاتەتان باش و هەمو لایەکتان بەخێربێن...
بەخێرهاتنی تایبەتى ئەندامانی ئەنجومەنی بزنسی ئەمەریکاـ کوردستان (USKBC) و نوێنەرانی کۆمپانیا بەشدارەکانی ئەم کۆنفرانسە دەکەم، کە لە ئەمەریکاوە هاتون بۆ هەرێمی کوردستان.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ پێکەوە، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئامادەی ئەم کۆنفرانسەین، کە بە هەماهەنگیی نوێنەرایەتیى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا و کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و زانکۆی کوردستان لە هەولێر، رێکخراوە. دەستخۆشیی ئەم دەستپێشخەرییەیان لێ دەکەم، هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم.
بەڕێزان
ئاشکرایە، پەیوەندیی ئابوری و بازرگانی، یەکێکە لەو فاکتەرە سەرەکیانەی، کە رۆڵی کاریگەری هەیە لە بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان وڵاتان و گەلانی جیهاندا، وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریش گەورەترین دەروازەن بۆ هەنگاونان بەرەو دۆستایەتی و پەیوەندیی دروست و بەهێزی بەردەوام لەنێوان وڵاتان و گەلاندا.
هەرێمی کوردستان، وەک چۆن بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە هەمو ئەو پشتیوانی و هاوکارییە سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی، ئابوری و مرۆییانەی، کە لەلایەن وڵاتانی دۆستەوە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەماندا پێشکەشی کراون، بە هەمان شێوە و بە چاوی رێزەوە دەڕوانێتە کار و هەڵوێستی هەمو ئەو کۆمپانیا بیانیانەى لەگەڵ کەرتی تایبەتی نێوخۆدا سەرمایەگوزارییان لە هەرێمی کوردستان کردوە و رۆڵی گرنگیان بینیوە لە پرۆسەی بنیاتنان و گەشەپێدان و پێشخستنی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا.
ئەم کارانە جگە لە کاریگەریی ئەرێنییان لە بواری ئابوری و گەشەپێداندا، رۆڵێکی گرنگیش دەبینن لە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، وێڕای پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەى نێوان گەلى کوردستان و گەلانى تر.
ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و هەمیشە بە ڕێزەوە ستایشی هاوکاری و پشتگیریی ئەمەریکامان کردوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. پشتگیریی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆردا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆر، ڕۆڵی سەرەکی هەبو لە شکستپێهێنانی تیرۆر و پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئێمە پێکەوە بەرگریمان لە بەها هاوبەشەکانی ئازادی و ژیان و شارستانیی و مرۆڤایەتی کرد. پێکەوە لە یەک بەرەدا، لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری، پێکەوەژیان، لێبوردەیی و دیموکراسیدا، سەنگەرمان لە دوژمنانی شارستانی و ژیان و مرۆڤایەتی گرت و شکستمان پێهێنان. پێکەوە قوربانیمان دا، لێرەوە بەوپەڕی ڕێزەوە، لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، یادی قوربانیانی سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش دەکەینەوە.
چەندین کۆمپانیای ئەمەریکی لە بوارەکانی وزە و وەبەرهێنان و بازرگانیدا لێرە کاریان کردوە. پێزانینی زۆرمان بۆ ئەوان هەیە، کە لە دۆخی سەخت و هەستیاری رابردودا، لە هەرێمى کوردستان بەردەوام بون و بەجێیان نەهێشتین. بە دڵنیاییەوە بەشداریی زیاتری کۆمپانیا و سەرمایە و وەبەرهێنانی ئەمەریکی، پەیوەندییەکانی نێوان گەلی ئەمەریکا و گەلانی ئەم ناوچەیە پتەوتر دەکات.
بەڕێزان
هەرێمی کوردستان زەمینەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، بەردەوام کارمان کردوە و بەردەوامیش دەبین بۆ دەستەبەرکردنی زیاتری ئاسانکاری، پشتگیری و هاوکاری بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزاران، بە جۆرێک هەست بە دڵنیایی و گەرەنتی بکەن، کە لە ژینگەیەکی یاسایی و کارگێڕیی تەندروستدا وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری دەکەن و هەمو مافێکیان پارێزراو دەبێت.
بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت و پەرلەمانی کوردستان هان دەدەین، بۆ ئەنجامدانی هەرچی پێویست بێت بۆ کارئاسانی و زەمینەسازیی زیاتر بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان.
کار و پرۆژەکانتان وێڕای دابینکردنی دەرفەتی کاری زیاتر لە هەرێمەکەمان، ڕایەڵەکانی پەیوەندیی نێوان گەلەکانیشمان زیاتر و بەهێزتر دەکەن. گەلی کوردستان بە سروشت کۆمەڵگەیەکی کراوەیە، مەیلی لە بنیاتنانی پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. دڵنیاین کە بەردەوامی و بەهێزبونی پەیوەندیی دۆستانەی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، پاڵنەرێکی گرنگ دەبێت بۆ سەقامگیری و گەشەی ئابوری لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
باشبونى پەیوەندییەکانى هەرێمی کوردستان و حکومەتى فیدرالى عیراق رەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر چالاکیی ئابوری و سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. ئێوە و هەمو ئەوانەى دەیانەوێت لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى بکەن، دەتوانن هەرێمى کوردستان وەک دەروازەیەک بۆ تەواوى عێراق بەکار بهێنن، بۆ ئەم مەبەستەش هەرێمى کوردستان هەمو هاوکارى و ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات.
ئامادهبوانى بهڕێز
ئێمه له ههرێمى كوردستان و عێراق دواى قۆناغى شهڕى تيرۆر و تێكشكاندنى داعش، رومان له ئاوهدانكردنهوه و بنياتنانى ژێرخان و برهودانه به پهيوهنديى ئابورى و بارزگانى لهگهڵ وڵاتانى ناوچهكه و جيهان، بۆ ههمو ئهمانهش ئارامى و ساقامگيرى پێويسته. بهداخهوه ئێستا بههۆى ئۆپهراسيۆن و پێكدانانه سهربازييهكانى رۆژئاوا (ڕۆژههڵاتى فورات له سوريا)، ئاڵۆزى له ناوچهكه هاتوەته كايهوه.
ئێمه له ههرێمى كوردستان به دڵگرانى و نيگهرانييهكى قوڵهوه له دۆخهكه دهڕوانين و پێمان وايه شهڕ و پشێوى، تهنيا ئاڵۆزييهكان زياتر دهكهن و دهسكهوتهكانى تێكشكاندنى داعش دهخهنه مهترسييهكى جددييهوه و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش دێنێتە ئاراوە. بۆيه داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين ڕۆڵى خۆى له ڕاگرتنى شهڕ و گێڕانەوەى ئاشتى و ئارامى بگێڕێت و ئێمهش بۆ ههمو هاوكارييهك لهپێناو ئاشتيدا ئامادهين.
لە کۆتاییدا، پیرۆزبایی رێکخستنى ئەم کۆنفرانسەتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. جێی خۆیەتی سوپاسێکی گەرمی ئەنجومەنی بزنسی ئەمەریکا ـ کوردستان (USKBC) بکەم لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا بۆ رێکخستنی سەردانی شاندی بازرگانیی کۆمپانیا و رێکخراوانی ئەمەریکی بۆ هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسەدا بەشدارن.
دوبارە بەخێرهاتنی گەرمیان لێ دەکەم و پێیان دەڵێم فەرهەنگی ژیاندۆستانەی ئێمە، ئارەزومان بۆ دۆستایەتی، پشتگیریکردنمان لە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی ناوخۆ و دەرەکی، دەرگای واڵان بەڕوی پرۆژە و کاری ئابوری و بازرگانی و سەرمایەگوزاری و وەبەرهێناندا.
هیواى کاتێکى خۆش بۆ هەموتان دەخوازم.
سوپاستان دەکەم.