فراکسیۆنی گۆڕان: پشتیوانیی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری رۆژئاوای کوردستان دەکەین

15/10/2019

فراکسیۆنی گۆڕان، پشتیوانیی خۆی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕێت و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بە فەرمیی مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوا بکات و پاڵپشتی و هاوکاریی بکات و دەرگاکانی بەسەر ئەو بەشەی نیشتیماندا بکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەتی سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا بۆ خستنەڕوی دیدی فراکسیۆنەکان سەبارەت بە دۆخی ئیستا رۆژئاوای کوردستان.

عەلی حەمەساڵح، دیدی فراکسیۆنی گۆڕانی خستەڕو و ئاماژەی بەوەکرد؛ دەبو پێشتر دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرایە، بەڵام ئێستا بەرەوپێچونەکان بەردەوامە، لەبەرئەوە دانیشتنی بەردەوامی پەرلەمان گرنگە، هەروەک ئیدانەی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیای کرد بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و رایگەیاند: ئامانجی لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ لەناوبردنی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەریی و گۆڕینی دیموگرافیای ئەو بەشەی کوردستان بوە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ بەهۆی بەجێهیشتنی رۆژئاوای کوردستان، روبەڕوی کاولکاریی بوەوە و بەهۆیەوە دەیان ژن و منداڵ بونە قوربانیی و ئەگەری جینۆساید هەبو، بەڵام ئەو پلانانە سەری نەگرت، ئاماژەی دڵخۆشکەر هەن بە ئاڕاستەی راگرتنی ئەو شەڕ و رێگریی کردن لە رودانی کارەساتی مرۆیی.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد؛ ئامادەکاریی پێیوست بکات و پێکەوە بەرپرسانە ئەو قۆناغە تێپەڕێنین و ئەوەی لە توانادا هەیە بەپێی یاسا بەرکارەکان بۆ رۆژئاوای کوردستانی بکات.

عەلی حەمەساڵح، پشتیوانیی گۆڕانی بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان و رێککەوتنەکانیان کرد بۆ پاراستنی گەلەکەیان لە جینۆساید و کۆمەڵکوژیی و داوای راگەیاندنی هەڵمەتێکی نیشتیمانیی کرد بۆ کۆمەکی رۆژئاوای کوردستان و داواشیکرد سنورەکان بەڕوی رۆژئاوادا بکرێنەوە و هەمو هاوکارییەکیان پێشکەی بکرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد؛ بەپێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان کە لە (15/10/2014) پەسەندی کردوە، پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان کراوە  و پێویستە بە فەرمیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

هەروەک ئیدانەی ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی تورکیای کرد کە رۆژئاوای کوردستانی بە "تیرۆر" ناوبردوە و لەوبارەیەشەوە داوای هەڵوێستی رەسمی دامەزراوەکانی هەرێمی کرد.

وتیشی :"وەک هەرێمی کوردستان بەشێکین لە عێراق، پێویستە لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە کاربکەین بۆ ئەوەی سەرجەم بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی دەرەوە لەناو خاکەکەمان بگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: بەداخەوە بەناوی سورەتی فەتحەوە پەلاماری هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان دەدرێت، بۆیە پێویستە رێکخراوە ئاینییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان، بەتایبەتی یەکێتی زانایانی جیهانیی ئاینی ئیسلام  قسەی جدیان هەبێت لەسەر بەکارهێنانی ناوی پیرۆزی ئیسلام بۆ جینۆسایدی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

عەلی حەمەساڵح دوپاتی کردەوە؛ ئەو پەلاماردانەی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامەکەی سەرهەڵدانەوەی داعشە، میلـلەتی کورد لە رۆژئاوا و باشور قوربانیی داعش بون، بۆیە ئەگەر ئەو گروپە تیرۆریستییە سەرهەڵبداتەوە ئێمە ئامانجی یەکەمی ئەم رێکخراوەین، پێویستە ئەم پەیامەمان بە جیهان بگات.


هەواڵی زیاتر