کۆبونەوەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هۆڵەندا
29/10/2019
بە مەبەستی خۆرێکخستنەوە و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان و سازدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی، کۆبونەوەیەک لەگەڵ هەڵسوڕاوانی هۆڵەندا بەڕێوەچو.
رۆژی دوشەممە بە ئامادەبونی جەمال حاجی محەمەد، سەرۆکی جڤاتی گشتی و ئاراس وەلی، رێکخەری ژوری رەوەندی کوردی و هاندەر جەمال، نوێنەری جڤاتی نیشتیمانی لە ناوەندی ئەوروپا، کۆبونەوەی هەڵسوڕاوانی ئەنجومەن و بازنەکانی هۆڵەندا ئەنجامدرا.
لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی هەنگاوەکانی خۆرێکخستنەوەی گۆڕان و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی تاوتوێ کرا.
لە کۆبونەوەکەدا دید و سەرنجی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بۆ ئامادەبوان رونکرایەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستانیش، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گەیاندنی پەیامی نوێی بزوتنەوە و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی نوێ، لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی شارو شارۆچکەکان زنجیرەک کۆبونەوەی ئەنجامدا.