كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رێوه‌چو

08/11/2019

کۆبونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێکرد.

وەک بڕیاربو، کەمێک لەمەوبەر کۆبونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکیی لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی خۆنوێکردنەوە و خۆڕێکخستنەوە، هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و سیاسەتى گۆڕان لەبارەى روداوەکانی عێراق و رۆژئاواى کوردستان.

پیشتر، د.دەرباز محەمەد، سکرتێرى کاروبارى ژورەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە خانەی راپەڕاندن لەبارەى ئامانج و تەوەرەکانى کۆبونەوەکانى جڤاتى گشتى و جڤاتى نیشتیمانى و هەنگاوەکانى داهاتوى بزوتنەوەکەوە بە (سبەى) راگەیاند؛ ئەمە یەکەم کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى و جڤاتى گشتییە دواى ئەوەى کە خولێکى دیکەى خانەى راپەڕاندن هەڵبژێردراوە، ئەوەى گرنگە لەم کۆبونەوانەدا چەند تەوەرێکە، ئەوانیش خۆنوێکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەى ناو بزوتنەوەى گۆڕان و هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریکردنی گۆڕان لەکابینەی نوێی حکومەت، تەوەرێکی دیکەش گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو روداوانەی کە هەم لە عێراق و هەم لە رۆژئاواى کوردستان و لە کۆى ناوچەکە رودەدەن.

دوای گفتوگۆکردن لەسەر ئەو تەوەرانە، جڤاتی گشتی راسپاردەکانی ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی دەکات بۆ وەرگرتنی بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە.

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی، دامەزراوەی راوێژکاریی بوارەکانی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، کارگێڕی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.

جڤاتی گشتی پێکدێت لەو کەسایەتییە گشتییانەی لە ماوەیەکی تەمەنیاندا لە یەکێک لە بوارەکانی ژیاندا بەرپرسیارێتی دیاریان هەبوە، لەوانەی کەسایەتی سیاسی، کەسایەتی زانستی، کەسایەتی کۆمەڵایەتی.


هەواڵی زیاتر