فراکسیۆنى گۆران بەدواداچون بۆ چەند گرفتێکى هاوڵاتیانی هەولێر دەکات
08/11/2019
بەمەبەستى بەدواداچون بۆ چەند پرس و گیرو گرفتێکى هاوڵاتیان، فراکسیۆنی گۆڕان لەگەڵ پارێزگارى هەولێر کۆبوەوە.
فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاندوە ئەو بڕە نەوتەی بەغدا دەینێرێت بەشی پێداویستی هاوڵاتیان ناکات، بۆیە دوای بەدواداچونیان وەزارەتى دارایی و ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریانداوە بڕى نەوتى سپى پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.
لەبارەی نرخەکەیشیەوە؛ فراکسیۆنی گۆڕان داوایکرد نرخى دابەشکردنى نەوت لە هەرێمى کوردستان هەمان شێوەى بەغدا بێت چونکە لە بەغدا تەنها (30) هەزار دینار وەردەگیرێت لە هاوڵاتیان لەکاتێکدا لە هەرێمى کوردستان بۆ هەر بەرمیل نەوتێک (53) هەزار دینار وەردەگیرێت.
لە بارەى زەوییە موساتەحەکانەوە فراکسیۆنى گۆڕان ئاشکرای کردوە؛ لە ماوەى رابردودا چەندین کەس بەشێوەى ناداپەروەرانە زەوى موساتەحەیان پێدراوە و پارێزگارى هەولێر رایگەیاندوە هەمو ئەو زەویانە وەردەگرنەوە و بڕیار دراوە لەمەودوا زەوى موساتەحە تەنها بۆ کارگەکان تەرخان بکرێت.
دەربارەى بونى قومارخانەکانیش پارێزگاری هەولێر رایگەیاندوە: بڕیار دراوە هەر شوێنێکى پارێزگاکە قومارخانەى تێدا بێت دابخرێت و رێگە نادرێت هیچ شوێنێک بکرێتە قومارخانە لەو پارێزگایە.