ناوەڕۆکی کۆبونەوە و بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان

09/11/2019

کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات و لەبارەی کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان رێکخستنەوەی گۆڕان و دیاریکردنی رێکخەری ژورەکانەوە بڕیاری پێویست وەرگیران.
برزۆ مەجید، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی خستەڕو و رایگەیاند: ئەمڕۆ کۆبونەوەی ئاسایی جڤاتی نیشتیمانی بەڕێوەچو، کە یەکەم کۆبونەوەی دوای هەڵبژاردنی خانە راپەڕاندن و رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکەم کۆبونەوەی دوا مانگە سەرەتاییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بو.

وتیشی :"هەڵسەنگاندنی سەرەتایی کرا بۆ کارەکانی حکومەت لەو ماوەیە و دەرگای هەڵسەنگاندن بە کراوەیی هێڵرایەوە، بۆ قسەکردن لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت بڕیاردرا ئەو تەوەرە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە تا کۆتاییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان".

ئاماژەی بەوەکرد؛ لە کۆبونەوەکەدا فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتێکی لەبارەی باردودۆخی عێراق بە گشتی و بەغدا بەتایبەتی خستەڕو، بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە پشتیوانیی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بۆ داواکارییەکانیان دەکات، لە هەمانکاندا جەخت دەکاتەوە کە پێویستە دەسەڵاتەکان چاکسازیی بکەن و داوای خۆپیشاندەران جێبەجێ بکەن.

برزۆ مەجید ئەوەیخستەڕو کە؛ بزوتنەوەی گۆڕان وەک مەبدەئی نیشتیمانی خۆی،  یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی بە گرنگ زانیوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە و هەر دۆخێکی دیکە، لەوە گرنگرتر یەکڕیزیی و مامەڵەکردنی لەگەڵ بەغدا، بەندە بە شەراکەتی راستەقینە و یەکڕیزیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، چەند شەراکەت و یەک گوتاریی لەناوخۆی هەرێم پتەوبێت ئەوەندەش رەنگدەداتەوە لەسەر یەکڕیزیی لایەنەکان لەسەرجەم پرسەکاندا.

ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن رایگەیاند: بۆ هەندێک کاروباری ناوخۆیی بڕیاری پێویست وەرگیرا، لەوانەی سێ رێکخەری ژور دانرا، ژوری پەرلەمان و حکومەت کرا بە دو ژور، کۆبونەوەکانی جڤات دریژەی دەبێت و هەفتەی ئایندە لەسەر پرسە ناوخۆییەکان بڕیاری دیکە دەدات، کاوە عەبدوڵا وەک رێکخەری ژوری حکومەت، د.محەمەد شوانی وەک رێکخەری ژوری ناوچە دابڕاوەکان و دلێر عەبدولخالق بۆ ژوری رۆژنامەوانیی دیاریکران.

وتیشی :"سەبارەت بە کاروباری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی و پێکهێنانی لیژنە باڵاکان و لیژنەکانی دیکە بۆ کۆنفرانسەکە و دواتر هەڵبژاردنی ناوخۆیی، بڕیاردرا لە بەشی دوەمی کۆبونەوەکانی جڤای نیشتیمانی و لە هەفتەکانی داهاتودا گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بکرێت و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.

سلێمانی/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر