(سبەی) ناوی کاندیدی رێکخەری ژورەکان بڵاو دەکاتەوە

09/11/2019

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانیدا، رێکخەری ژمارەیەک ژور  دیاری دەکرێن و گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ کۆنفرانسی نیشتیمانیی دەکرێت.

بڕیار نامیق پەیامنێری (سبەی) رایگەیاند: جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرپەرشتى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەکە یەکەم کۆبونەوەى دواى دەستبەکاربونى خانەى راپەڕاندنى ئەنجامدا، کە تیایدا چەند تەوەرێک گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت یەکێک بون لە تەوەرى کۆبونەوەکە و دۆخى ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕان و هەنگاوەکانى بزوتنەوەکە بەرەو خۆ نوێکردنەوە و خۆ رێکخستنەوە.

رایگەیاند: تەوەرێکى دیکە بەشداریى بزوتنەوەکە بو لە حکومەت و پەیوەندییە سیاسییەکانى بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، کە چڕیی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەرچاو رونی داوە بە جڤاتی نیشتیمانی لە بارودۆخى عێراق و ئاڕاستەى شەقام و بیروبۆچونەکانى لایەنە سیاسییەکانى عێراق.

لەبارەی کۆنفرانسی نیشتیمانی و خۆڕێکخستنەوەی گۆڕانیشەوە، لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا گفتوگۆ لەسەر کارەکانی ئەو شەش لیژنەیە دەکرێت کە بۆ ئامادەکاریى دوەم کۆنفرانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان پێکهدەهێنرێن، ئەوانیش لیژنەى هەموارى دەستور و پەیڕەوى ناوخۆیى بزوتنەوەکە و نوسینەوەى بەرنامەى سیاسى چوار ساڵى داهاتو، لیژنەى دارایی، لیژنەى هەڵسەنگاندنى کارى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان و لیژنەى میدیا، ئەندامانى لیژنەکان دیاریکراون و ئەمڕۆ دەخرێتە بەردەم ئەندامانى جڤاتى نیشتیمانى  تا بڕیار بدرێت لەسەر دەست بەکاربونیان و ئەرکیان دەستپێبکات بۆ ئامادەکاریى کردن بۆ بۆ بەستنى دوەمین کۆنفرانسى نیشتیمانى.

هەر لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانیدا، هەڵبژاردن دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی پۆستی رێکخەری ژمارەیەک ژوری بزوتنەوەی گۆڕان، کە لە ئێستادا شەش ژور رێکخەریان نییە، ئەمڕۆ سێ لەو ژورانە ناوەکانیان دێتە بەردەم جڤاتى نیشتیمانى تا بڕیاریان لەسەر بدرێت.

پەیامنێری (سبەی) ئاشکرای کرد؛ یەکێک لەوانە ژورى حکومەت و پەرلەمانە، ئەم ژورە دەکرێتە دو ژور، بەشێوەیەک دو رێکخەری دەبێت، ژورى پەرلەمان کە سەرۆکایەتى فراکسیۆنەکان و ئەنجومەنى پارێزگاکان دەکات، ژورى حکومەت کە نوێنەرایەتى تیمى حکومەتە چ لە حکومەتى هەرێمى کوردستان یان حکومەتى عێراق و پارێزگاکان، کاوە عەبدوڵا بۆ رێکخەری ژوری حکومەت کاندیدکراوە، بۆ ژورى رۆژنامەوانییش دلێر عەبدولخالق کاندیدە، بۆ ژورى ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکانیش د.محەمەد شوانى کاندیدە، ئەمڕۆ ئەو کاندیدانە دەخرێنە بەردەم ئەندامانى جڤاتی نیشتیمانی و دوای پەسەندکردنى دەبنە ئەندامى جڤات و لە چەند رۆژى داهاتودا بە فەرمیی دەستبەکار دەبن، سێ ژورى دیکە دەمێنێتەوە و ئامادەکاریى دەکرێت لە کۆبونەوەکانى داهاتودا ئەوانیش پڕبکرێنەوە.


هەواڵی زیاتر