جڤاتی نیشتیمانی رێکخەری سێ ژوری دیاریکرد

09/11/2019


کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات، سێ کاندیدی بۆ رێکخەری ژورەکان پەسەند کرد.

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیماندا، هەریەک لە کاوە عەبدوڵا بۆ رێکخەری ژوری حکومەت و د.محەمەد شوانی بۆ رێکخەری ژوری ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکان و دلێر عەبدولخالق وەک رێکخەری ژوری رۆژنامەوانیی بزوتنەوەی گۆڕان پەسەند کران.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ژوری حکومەت و پەرلەمان بەرپرسە لە کاروبارى فراکسیۆنەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و پەرلەمانى کوردستان و ئەنجومەنى پارێزگاکان و نوێنەران و تیمى گۆڕان لە حکومەت لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا کرا بە دو ژور ئەوانیش ژوری حکومەت و ژوری پەرلەمان، کاوە عەبدوڵا کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەک رێکخەری ژوری حکومەت دیاری کراوە، پێشتر سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بوە و دواتریش ئەندامى ژورى پەرلەمان و حکومەت بوە.

 

ژورى ناوچە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەتمەندە بەو ناوچە کوردستانییانەی کە دەکەونە سنوری مادەی (140)ی دەستوری عێراقی و ئامادەکردنی پەیپەر و راسپاردە و پێشنیاز و بەدواداچونی دۆسییەکە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی ئەو ناوچانە.
د. محەمەد شوانى، رێکخەری نوێی ژورەکە، کاندیدى ژمارە یەکی لیستى نیشتیمان بو بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە سنوری پارێزگای کەرکوک، مامۆستای کۆمەڵناسییە لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین.

 

ژورى رۆژنامەوانى بەرپرسە لە رەنگدانەوەی هەڵوێستی گۆڕان لە روداوەکانی ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە کە لەلایەن جڤاتی نیشتیمانیەوە دادەڕێژرێت و خانەی راپەڕاندن جێبەجێی دەکات، رێکخەری ژورەکەش بەرپرس دەبێت لە گەیاندنی سیاسەتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و روکردنەوەی هەڵوێستەکان بۆ رایگشتی، دلێر عەبدولخالق کە وەک رێکخەری ژورەکە دیاریکرا، پسپۆریەکەی لەبواری راگەیاندنە و پێشتر ئەندامی ژوری رۆژنامەوانی و ئەندامی بۆردی میدیایی کۆمپانیای وشە بوە.


هەواڵی زیاتر