گۆڕان دەست بە لێپرسینەوە لە بەرپرسەکانی دەکات
19/11/2019
بزوتنەوەى گۆڕان دو لیژنەى بۆ لێپرسینەوە و سزادانى ئەو کەسانە پێکدەهێنێت کە لەسەر پشکى بزوتنەوەکە پۆستى حکومەییان وەرگرتوە و کەمتەرخەمیی و "گەندەڵییان" کردوە.
عەدنان عوسمان، سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بە رۆژنامەی "زەمەن"ى راگەیاندوە: جڤاتى نیشتیمانى دو لیژنەى پێکهێناوە و دەستیکردوە بە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو کەسانەى کە لەسەر پشکى بزوتنەوەکە پۆستى حکومییان لە هەرێم و عێراق وەرگرتوە.
عەدنان عوسمان وتیشى :" ئەگەر هەرکەسێک لە بەهاکانى بزوتنەوەى گۆڕان لایدابێت و گەندەڵى کردبێت لە سەروەت و سامانى گشتى بە نا شەرعى دەوڵەمەند بوبێت بە توندى سزا دەدرێت و لەناو گۆڕان دەردەکرێت و دۆسییەکەى رەوانەى دەستەى نەزاهە و دیوانى چاودێرى دارایی دەکرێت و دەشدرێتە دادگا".
سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى ئاماژەى بەوە کردوە هەمو ئەو کەسانەى لە کابینەى پێشو لە حکومەتى هەرێم و بەغدا کە پۆستیان وەرگرتوە لێپرسینەوەکە دەیانگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش خانەى راپەڕاندن و ژورە تایبەتمەندەکان لەم ماوەیەدا کار لەسەر ئەم دۆسییانە دەکەن.
لە دوا کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیاردرا دەست بە بەدواداچون بکرێت لەسەر کارەکانی نوێنەرانی گۆڕان لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و ناوەند و ئەنجومەنە خۆجێییەکان، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی کارەکانیان، هەر بەرپرسێک بە باشی کارەکانی خۆی ئەنجامدابێت دەستخۆشی لێبکرێت و ئەو ژمارە بەرپرسە کەمەش کە کەمتەرخەمییان کردبێت لە جێبەجێکردنی کارەکانیاندا لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.