فراکسیۆنی گۆڕان: پڕۆژەیەکمان بۆ دانەوەی پاشەکەوتی موچە ئامادەکردوە

05/12/2019

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، پشتیوانیی بۆ رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دوپاتکردەوە و رایگەیاند: حکومەت (12) ملیار دۆلاری موچەی فەرمانبەران قەرازدارە و پڕۆژەیەکمان بۆ دانەوەی ئەو قەرزە ئامادەکردوە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: پشتیوانیی رێککه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا ده‌که‌ین، لە سێ مانگی رابردودا هه‌وڵی ته‌واوماندا بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تێکی گشتگیر دروستبکه‌ین، رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق باشترین بژارده‌یه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان.

وتیشی :"به‌بێ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌رێمی کوردستان دوچاری قه‌یرانێکی قوڵی دارایی ده‌بێته‌وه"‌.

هەروەک بە پێویستی زانی؛ دوای جێگیربونی خواسته‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش په‌یوه‌ست بێت به‌ راده‌ستکردنی (250) هه‌زار به‌رمیل نەوت بە بەغدا لە رۆژێکدا.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئەوەیخستەڕو کە؛ ئەو پڕۆژە بودجەیەی هەرێم و بەغدا لەسەری رێککەوتون، گه‌ره‌نتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی کردوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ به‌ پلانێکی ورد حکومه‌تی هه‌رێم قه‌رزی موچه‌ی پاشه‌که‌وتکراوەکان بداتەوە.

عەلی حەمەساڵح ئاشکرای کرد؛ حکومەت هەشت موچەی تەواوی فەرمانبەران و (35) پاشەکەوت و (12) موچه‌ی ته‌واوی خانه‌نشینان قەرزردارە،‌ که‌ نزیکه‌ی (12) ملیار دۆلاره، بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ش پڕۆژه‌یه‌کمان ئاماده‌کردوه ‌و ده‌مانه‌وێت بیکه‌ینه‌ پڕۆژه‌ی هه‌موان.


هەواڵی زیاتر