عەلى حەمەساڵح: قەبارەى گەندەڵى لە خاڵە سنورییەکان نزیکەى (40) ملیۆن دۆلارە
18/12/2019
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ناوەڕۆکى سکاڵا یاساییەکەى لەسەر داخڵکردنى (300) هەزار کارتۆن هێلکە بە ناوى ترانزێت و ساغکردنەوەى لە هەرێمى کوردستان ئاشکرا کرد و دەشڵێت:"چاکسازى ریشەیى دەبێت لە داهات بکرێت، خاڵى سێیەمى چاکسازیش لەدواى یاساى چاکسازى و موچە و خاڵە سنوریەکان، دۆسیەى نەوتە و کارى لەسەر دەکەین".
عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى نوسراوەکەى بۆ دەستەى دەسپاکى و داواکارى گشتى لەبارەى جوڵاندنى سکاڵا لەسەر رێگەپێدان و رەزامەندى بە داخڵکردنى (300) هەزار کارتۆن هێلکە لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتى گومرگ و وەزیرى دارایى ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ لەماوەى سێ مانگى رابردودا بەدواداچونیان بۆ سەرجەم خاڵە سنوریەکان کردوە لەبارەى گەندەڵى و کاڵاى قەدەغەکراوە، بەداخەوە گەندەڵى رێکخراو دەکرێت و قەبارەى گەندەڵى لە خاڵە سنوریەکان گەیشتوەتە نزکەى (40) ملیۆن دۆلار".
وتیشى:" خۆشبەختانە ئەنجومەنى وەزیران لیژنەى پێکهێناوە و کۆمەڵێک بڕیارى دەرکردوە بۆ پێداچونەوە بە گرێبەست و خاڵە سنوریەکان، ئێمەش بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنیان دەکەین".
ئاشکراى کرد؛ یەکێک لە گەندەڵییە رێکخراوەکان خۆدزینەوە بوە لە باج، کۆمپانیا هەبوە بە ملیۆنان دۆلار لە باج بەخشراوە و کۆمپانیایەکى مۆبایل هەیە لە جیاوازى بڕى ئەو پارەیەى لە کارتدا هەیە زیاتر لە (200) ملیار دینارى لە خەڵک وەرگرتوە، پاش کارى جدى ئێستا بڕیارى حکومەتمان وەرگرتوە بۆئەوەى ئەو پارەیە بۆ وەزارەتى دارایى بگەڕێتەوە".
وتیشى:"چاکسازى ریشەیى دەبێت لە داهات بکرێت، خاڵى سێیەمى چاکسازیش لەدواى یاساى چاکسازى و موچە و خاڵە سنوریەکان، دۆسیەى نەوتە و کارى لەسەر دەکەین".
پێشتر (سبەى) ناوەڕۆکى نوسراوەکەى عەلى حەمە ساڵحى بۆ جوڵاندنى سکاڵا بڵاو کردەوە، کە رێگەدان و رەزامەندیی بەڕێوەبەرى گشتى گومرگە بە داخلکردنى (300) هەزار کارتۆن هێلکە بە ناوى ترانزێت، بەڵام بەشێکى زۆرى لە هەرێمى کوردستان ساغکراوەتەوە.