پەرلەمانتارێکى گۆڕان سکاڵاى یاسایى دژى داخڵکردنى هێلکە و ساغکردنەوەى لە هەرێم دەجوڵێنێت

18/12/2019

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان سکاڵاى یاساى لەسەر رێگەدان بە داخلکردنى (300) هەزار کارتۆن هێلکە بە ناوى ترانزێت و ساغکردنەوەى لە هەرێمى کوردستان تۆمار دەکات، بەپێى نوسراوى رێگەدانەکەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى گومرگ، لە رۆژى سوێندخواردنى  کابینەى نوێدا رەزامەندیەکە دراوەکە.

بە پێى نوسراوێک کە دەقەکەى دەست (سبەى) کەوتوە، عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان، کە دوێنێ سێشەممە، ئاڕاستەى دەستەى نەزاهە هەرێمى کوردستانى کردوە، داواى جوڵاندنى سکاڵا دەکات لەسەر داخڵکردنى (300) هەزار کارتۆن هێلکە بە ناوى ترانزێتەوە بۆئەوەى لە هەرێمەوە ببرێتە سوریا و بۆئەوەش تەنیا یەک لەسەر پێنجى گومرگى لێوەرگیراوە، بەڵام دواتر ئەو بڕە هێلکەیە پێچەوانەى رێگە پێدانەکە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستاندا ساغ کراوەتەوە.

بەپێى ئەو نوسراوە؛ رەزامەندییەکە رۆژى (10/7/2019) بە واژۆى بەڕێوەبەرى گشتى گومرگ بە نوسراوى ژمارە (12414) لەسەر رەزامەندى وەزیرى دارایى دراوە بە کۆمپانیاى دەستهات، ئەو وادەیەش هاوکاتە لەگەڵ سوێندخواردنى وەزیرانى کابینەى نۆى حکومەت.

عەلى حەمە ساڵح، لەوبارەیەوە رونى دەکاتەوە بۆ ئەم بابەتە پرسیاریان ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى کردوە، بەڵام هیچ وڵامێکى باوەڕپێکراویان نەدراوەتەوە، "تەنیا ئەوەندە نەبێت نەخۆشى ئەنفلۆنزاى باڵندە تەواو بوە"، ئەوەش وەک پاساوێک بۆ ساغکردنەوەى هێلکەکە لەناوخۆدا لەکاتێکدا بۆیە یەک لەسەر پێنجى گومرگى لێوەرگیراوە بۆئەوەى ببرێتە دەرەوە.

بۆ پشتڕاستکردنەوەى ئەو بابەتە، ئەو پەرلەمانتارە، دەڵێت: بەڕێوەبەرى گشتى گومرگ لە کۆبونەوەیەکى لیژنەى دارایى دانى بەوەدا ناوە ئەو هێلکەیە نەڕۆشتۆتە خاکى سوریا.
لە نوسراوەکەدا، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان، داوا لە دەستەى نەزاهە دەکات؛  سکاڵاى یاساى بەرامبەر وەزیرى دارایى و ئابورى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى گشتى گومرگ تۆمار بکەن، "چونکە ئەمە بەکارهێنانى دەسەڵاتە بە شێوەیەکى خراپ و خۆدزینەوەیە لە گومرگ و هێنانى کاڵایە بۆ کوردستان کە مەترسى نەخۆشى ترسناکى پێوەیە".

هێنانى ئەو هێلکانە لە کاتێکدایە، لەم کاتەدا ئێران بە پێى راپۆرتى رێکخراوى جیهانى (OAE) ئەنفلۆنزاى باڵندەى هەیە، واتا ناتوانرێت هاوردەى مریشک و هێلکە و جوچکەى لێبکرێت، هاوکات بە پێى نوسراوى حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمیش هاوردەى هێلکە لە دەرەوە قەدەغەکراوە.
هەولێر/ هەژار ئەنوەر


هەواڵی زیاتر