"پێدەچێت خانەنشینی‌ پلە باڵاکان هاوشێوەی‌ بەغدای‌ لێبکرێت"

13/01/2020


سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان و سەرۆکی‌ فراکسیۆنەکان بەمەبەستی‌ دۆزینەوەی‌ میکانیزمێک بۆ بڕگەی‌ خانەنشینی‌ پلە باڵاکان کۆبونەوە و بە پێی‌ زانیارییەکان ئەو بڕگەیە هاوشێوەی‌ بەغدای‌ لێدێت.
دوانیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ دوشەممە، سەرۆکایەتی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان و سەرۆکی‌ فراکسیۆنەکان، بۆ دۆزینەوەی‌ میکانیزمێکی‌ تایبەت بە بڕگەی‌ خانەنشینی‌ پلە باڵاکان کۆبونەوە، ئەمەش دوای‌ ئەوەی‌ لە نێوان فراکسیۆنە جیاوازەکاندا بۆچونی‌ جیاواز لەسەر ئەو بڕگەیە دروست بو.
بە پێی‌ زانیارییەکان لە کۆبونەوەکەدا، جەختکراوەتەوە لەوەی‌ پێویستە ئەو بڕگەیەی‌ کە تایبەتە بە موچەی‌ خانەنشینی‌ پلە تایبەتەکان هاوشێوەی‌ بەغدای‌ لێبکرێت.
جەلال محەمەد، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لە فراکسیۆنی‌ گۆڕان رایگه‌یاند :"پێدەچێت خانەنشینی‌ پلە باڵا هاوشێوەی‌ بەغدای‌ لێبکرێت، واتا (15%)ی‌ موچەی‌ بنەڕەتی‌ و بڕوانامە و ساڵانی‌ خزمەت بۆ خانەنشینی‌ هەژمار بکرێت".
دەشڵێت:"وەک فراکسیۆنی‌ گۆڕان پێداگرین و جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەم شێوازە ئەم بڕگەیە چارەسەر بکەین، چونکە پێمان وایە دادگەری‌ زیاتر دەچەسپێنێت، نەک بەو شێوازەی‌ کە لە پڕۆژەکەی‌ حکومەتدایە کە (25%)ی‌ کۆی‌ گشتی‌ موچە هەژمار دەکات".
ئەو پەرلەمانتارەی‌ گۆڕان، ئاشکرایکرد، ئەگەر هاوشێوەی‌ بەغدای‌ لێبکرێت موچەی‌ خانەنشینی‌ پلە تایبەتەکان لە (یەک) ملیۆن و (70) هەزارەوە دەست پێدەکات بۆ (دو) ملیۆن و کەمتر و زیاتر، ئەمەش بە پێی‌ ساڵانی‌ خزمەت و بڕوانامە.
هەروەک وتیشی‌: زۆرترین موچەی‌ خانەنشینی‌ هاوشێوەی‌ بەغدا نزیک دەبێتەوە لە (چوار) ملیۆن، ئەمەش بۆ کەسێک ئەگەر (30) ساڵ خزمەتی‌ هەبێت و هەڵگری‌ بڕوانامەی‌ دکتۆرا بێت.
بڕیارە پاش کەمێکی‌ دیکە، دانیشتی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لەسەر بڕگەی‌ (حەوت) دانیشتنەکەی‌ دەست پێبکاتەوە، کە تایبەتە بە خانەنشینی‌ پلە باڵاکان و تا ئێستاش خوێندنەوە بۆ (شەش) بڕگە کراون.


هەواڵی زیاتر