فراکسیۆنی گۆڕان داوا دەکات موچەی پلە باڵاکان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە

14/01/2020

پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای چاکسازی تەواوکرد و بڕیارە رۆژی پێنج شەممە دەنگ لەسەر پرۆژەکە بدرێت.
لە کاتی گفتوگۆی پرۆژەکەدا بەتایبەت بڕگە و مادەکانی خانەنشین کردنی پلە باڵاکان، عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، جیاوازی نێوان کەمترین موچەی خانەنشینی و زۆرترین موچەی خانەنشینی نزیەکی چل هێندەیە، بۆیە دەبێت هەتا دەتوانین جیاوازییەکە کەمبکەینەوە.
عەلی حەمە ساڵح وتیشی پێویستە ئەوەی موچەی خانەنشینی کەمەکان زیاد بکرێت و ئەوەشی زۆرە کەمبکرێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان داوشیکرد، یاسای خزمەتی شارستانی بەسەر هەموو کەسێکدا جێ بەجێبکرێت بە دادوەرەکانیشەوە.
ئەمەش وەک جێ بەجێکردنی نامەکەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە لە ساڵی ٢٠١٢ داوایکرد" فراکسیۆنی گۆڕان پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی‌ خانەنشینی ئەندام پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی‌ هەمو ئەو یاسایانەی‌ كە ئەندام پەرلەمان بەر لە تەمەنی‌ تقاعدی‌ خدمەی‌ مەدەنی‌ خانەنشین ئەكا".
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئەوەشی وت یاسایەکی تایبەتی یەکگرتووی خانەنشینی دەهێنرێتە پەرلەمان، کە سەرجەم ئەو کەسانەی خزمەتی گشتیان کردوە بەبێ جیاوازی بەو یاسایە خانەنشین بن.
هاوکات لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی پەرلەمانی کوردستانیشدا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، وەکو حکومەت پرۆژە یاسایەکی تایبەتی خانەنشینی یەکگرتووی هەرێم دەنێرنە پەرلەمان، ئەو کاتە سەرجەم فەرمانبەران و پلە باڵاکان و بەرپرسان و هێزەکانی ناوخۆش بەو یاسایە و بەبێ جیاوازی بە ئەژمارکردنی ساڵانی خزمەت و بڕوانامە خانەنشین دەکرێن.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتیشی بەپێی یاسای چاکسازی فۆڕمێکی تایبەت دادەنرێت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر کاری پێشوویان، یان نایانەوێت خانەنشین بن.
بەپێی پێشنیارەکانی پەرلەمانتاران بۆ مادەی حەوت کە تایبەتە بە خانەنشینکردنی پلە باڵاکان، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ پێشنیاری کرد بە رێژەی سەدا ١٥ ی موچەکانیان و ئەژمارکردنی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت خانەنشین بکرێن و بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانیش پشتگیری ئەو بۆچونەیان کرد.
فراکسیۆنی گۆڕان پێشتریش لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو ئەوان پشتگیری پرۆژە یاسای چاکسازی دەکەن، بەڵام لەگەڵ کەمکردنەوەی خانەنشینی پلە باڵاکانن هاوشێوەی بەغدا.


هەواڵی زیاتر