فراکسیۆنی گۆڕان: یاسای چاکسازی هەنگاوی یەکەمە

16/01/2020

فراکسیۆنی گۆڕان؛ بەشێکی خاڵە گرنگەکانی چاکسازیی رون دەکاتەوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەیان خانەنشینی نایاسایی و کەمکردنەوەی خانەنشینی پلەباڵاکان، لەگەڵئەوەشدا چاکسازی لە خاڵە سنورییەکان، نەوت، باج، وەبەرھێنان، دەرمان، بە ھەنگاوە گرنگەکانی چاکسازی دادەنێت.
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: بە سەربەرزی لە بەردەم خوداو میلـلەت و دەنگدەراندا وەستاوین، ئەوەی ساڵانێکە ھەوڵی بۆ دەدەین، بەشێکی دەکەین بەیاسا، چاکسازی لەوێوە دەست پێدەکات موچەی خانەنشینی خۆت ببڕیت بۆ ئەوەی بدرێتە کەمترین خانەنشینی، ئەمە نیەتی ئێمەیە، ئەمە رۆحی گۆڕانکارییە.
فراکسیۆنی گۆڕان (10) خاڵی گرنگی یاسای چاکسازیی دەخاتەڕو کە ئەمانەن: 
1- ھەڵوەشاندنەوەی ھەزاران خانەنشینی نایاسایی لە وەزیرەوە بۆ بریکار، لیواو و عەقید و عەمیدو... ھتد، خستنە باری یاسایی؛ یەکێک ئەگەر مەرجی یاسایی تێدا بێت.
2- رێکخستنەوەی لیستی شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین، لەوانەی شایستەی یاساییان نییە.
3- وەرگرتنەوەی پلە سەربازی و ئیداری لە ئەوانەی لە دەرەوەی شایستەی خۆیان پلەیان بەرزکراوەتەوە.
4- رێگرییکردن لە دوجار سودمەند بون لە موچە، جگە لە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی.
5- شەش جێگا ھەیە فەرمانگەی خانەنشینن و ھۆکارێکن بۆ گەندەڵی و لیستی ناڕەوای خانەنشینی، ھەڵدەوەشێتەوە و خانەنشینی لەیەک فەرمانگەدا کۆدەبێتەوە.
6- پاسەوانی لە کوردستاندا بوە بە ھۆکارێکی گەورەی گەندەڵی و نادادی، ئەویش رێکدەخرێتەوە بە پێی پێوەر کێ دەبێت پاسەوانی ھەبێت و چەندی ھەبێت، ھیچ ھێزێکی سەربازی رێکخراوە و ناڕێکخراو (حیزبی) یەکەی ژمێریاری خۆی نامێنێت.
7- دروستکردنی سندوقی خانەنشینی جێگیر دەکرێت.
8- نزیکەی (800) ملیار دیناری قەرزی بازرگانەکان وەردەگیرێتەوە و بەکاردەھێندرێت بۆ پێداچونەوە بە موچەی خانەنشینی کەم.
9- ژمێرەو حسابی سەرجەم ھێزە سەربازی و ئەمنیەکان دەکەونە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی.
10- پاشەکەوتی موچە دەخرێتە ژمارە حسابێک و وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ بەکارھێنانی دەردەکات.

فراکسیۆنی گۆڕان جەختی کردوەتەوە کە؛ جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە گرنگە، بەڵام لای ئێمە چاکسازی لە خاڵە سنورییەکان، نەوت، باج، وەبەرھێنان، دەرمان....... ھتد ھەنگاوە گرنگەکانی چاکسازیین، ئەوەی ئێستا تەنیا یەک ھەنگاوە لە چەندین، پشتیوانی ھەمو ھەنگاوێکی چاکسازین، لە کوێش گەندەڵی ھەبو قسەی جدی لەسەر دەکەین.


هەواڵی زیاتر