جڤاتى گشتى چەند راسپاردەیەک ئاڕاستەى جڤاتى نیشتیمانى دەکات
16/01/2020
سکرتێرى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لە کۆبونەوەى ئەمڕۆدا چەند پرسێکى گرنگى ناوخۆیى و ناوچەکە تاوتوێکرا و چەند راسپاردەیەک لەبارەیانەوە ئامادەکرا و رادەستى جڤاتى نیشتیمانى دەکرێت.
پێشڕەو رەئوف، سکرتێرى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەى ئەمڕۆیانەوە کە لەژێر سەرپەرشتى رێکخەرى گشتى بەڕێوەچو راگەیاند؛ ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبونەوە ئاسایى جڤاتى گشتى بۆ تاوتوێکردنى چەند پرس و تەوەرێک بەڕیوەچو، لەسەر ئاستى سیاسى تاوتوێى دۆخى ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاریانە کرا کە هاتونەتە ئاراوە و جەخت کرایەوە کە تەواوى ئاڵنگاریەکان لەبەرچاو بگیرێت و هەرێمى کوردستان بپارێزرێت، بەشێوەیەک رێگە نەدرێت، هەرێمى کوردستان ببێتە گۆڕەپانى یەکلایکردنەوەى ململانێکان و نەشبێتە لایەنگر لە هیچ ململانێیەکى هەرێمى و نێودەوڵەتى.
ئەوەشى خستەڕو؛ لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا تاوتوێى پرسى خۆڕێکخستنەوە و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و هەنگاونان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان کرا و وتى:"تاوتوێى دوایین گۆڕانکارى و هەوڵ و میکانیزمەکان و هەنگاوەکان بۆ نوسینەوەى پەیڕەوى ناوخۆ و رۆیشتن بەرەو هەڵبژاردن و بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى کرا، جەختیش کرایەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان وەڵامدەرەوەى پێویستیەکانى قۆناغەکە بێت".
هەروەک رونیکردەوە لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى هەنگاوەکانى چاکسازى کرا کە لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە دەستى پێکراوە و وتیشى:"جەختکرایەوە لەوەى کە بەشداریکردنى گۆڕان لە حکومەت بۆ ئەنجامدانى چاکسازى گشتگیر و هەمەلایەنە، لەبارەى سەرجەم تەوەرەکانیشەوە چەند راسپاردەیەک ئامادەکرا و پێشکەشى جڤاتى نیشتیمانى دەکرێت کە بڕیارە رۆژى شەممەى داهاتو کۆببێتەوە".