کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی دەستیپێکرد
18/01/2020
کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بۆ هەڵسەنگاندن بۆ بەشداری گۆڕان لە حکومەت و پڕۆسەی چاکسازی و دواین گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکان و تاوتوێکردنی دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەکە و هەنگاوەکانی خۆڕێکخستنەوە، دەستیپێکرد.
پێشتر، دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی، لەبارەی ئەجێندای کۆبونەوەکەوە رایگەیاند: کۆبونەوەکە چەند تەوەرێک لە خۆ دەگرێت، پەیوەست بە دواین گۆڕانکاریە سیاسیەکانی عێراق هەڵوەستە دەکرێت، پێشهات و ئەگەرەکان تاوتوێ دەکرێن. هاوکاتیش هەڵسەنگاندن بۆ بەشداری گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و کارەکانی شەش مانگی رابردو و، پرۆسەی چاکسازی دەکرێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا راپۆرت و راسپاردە و ئامادەکارییەکانی لیژنەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی تاوتوێ دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت، هەروەک متمانە بە چەند رێکخەری ژورێک و چەند ئەندامێکی جڤاتی گشتی دەدرێت دوای ئەوەی رێکارەکان لە خانەی راپەڕاندن تەواو کراون.