حکومەت بۆ پەرلەمان: ناردنی بودجەی هەرێم لە بەغداوە دواناکەوێت
23/01/2020
رۆژی پێنجشهممه 23-1-2020 شاندی دانوستانکاری هەرێم لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا، وردەکارییەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای بۆ پەرلەمانتاران روونکردەوە و دڵنیای لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم دا.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی دانوستانکاری هەریم دڵنیایی بە پەرلەمانی کوردساندا، کە بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، عێراق پابەند دەبێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق.
شاخەوان رەئوف ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، وەفدەکە بەرچاوڕوونییان لەبارەی رێککەتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە پەرلەمانتاران داوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی هەرێم رازی بووە مانگانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی عێراق بکات، لەبەرامبەریشدا بەغدا مانگانە پابەند دەبێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم.
پەرلەمانتارەکەی کوردستان باسی لەوەش کرد، بەپێی روونکردنەوەکانی شاندەکە، کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر سیاسیی بوون نەک ئابوریی و پێشیبینی دەکەن جارێکی دیکە کێشەکانی تایبەت بە موچە و بودجە سەرهەڵنەدەنەوە.
دەربارەی وردەکارییەکانیش وتی، شاندەکە سەرجەم وردەکارییەکانیان لەبارەی بەشە بودجەی هەرێم، بودجەی پێشمەرگە و رادەستکردنی نەوت بە حکومەتی عێراق بۆ پەرلەمانتاران روونکردووەتەوە.
شاخەوان رەئوف لەسەر دۆسیەی نەوتیش ئەوەی خستەڕوو، لە ماوەی داهاتوودا بەشێک لە (شاندی دانووستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغدا)، دێنە پەرلەمان و لەبارەی وردەکاییەکانی تایبەت بە دۆسییەی نەوت لەنێوان بەغدا و هەولێر، وردەکارییەکان بۆ پەرلەمانتاران دەخەنە ڕوو.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان و شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم ماوەی چوار کاتژمێری خایاندووە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە ئاوات شێخ جهناب وەزیری دارایی، دارا رهشید وەزیری پلاندانان، خالید شوانی وهزیری ههرێم بۆ كاروباری ههرێم و بەغدا، ئومێد سهباح سهرۆكی دیوانی سهرۆكایهتی ئهنجومهنی وهزیران و ئامانج رهحیم سكرتێری ئهنجومهنی وهزیران ئامادەبوون.