مام فارس: ده‌ست له‌مافه‌كانی‌ جوتیاران به‌رناده‌ین

26/01/2020

ئه‌ندامێكی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ڕایده‌گه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ چه‌ند پارێزه‌رێكی‌ خۆبه‌خش هه‌وڵه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی‌ جوتیارانی‌ كوردستان له‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ عێراق.

مام فارس كه‌ هاوكات سه‌رۆكی‌ جوتیارانی‌ سه‌رده‌میشه‌ ڕایگه‌یاند: "ساڵێك زیاتره‌ له‌هه‌وڵداین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی‌ جوتیارانی‌ كوردستان بۆساڵه‌كانی‌ (2014،2015،2016) بۆ ئه‌و جوتیارانه‌ی‌ پاره‌ی‌ گه‌نمی‌ ئه‌وساڵانه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.

 وتیشی‌: هه‌ستاین به‌تۆماركردنی‌ سكاڵا له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵ، له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌م و دووه‌م كه‌یسه‌كه‌مان برده‌وه‌، به‌ڵام له‌دوای‌ تانه‌لێدانی‌ سكاڵاكه‌مان، داواكاری‌ تێهه‌ڵچونه‌وه‌ پێیان ڕاگه‌یاندین ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌پێویسته‌ بدرێت به‌جوتیاران ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

ئێمه‌ش جارێكی‌ تر سكاڵامان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵ تۆماركرده‌وه‌، بۆسه‌لماندنی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و شایسته‌داراییه‌ی‌ جوتیاران ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵ نه‌ك حكومه‌تی‌ هه‌رێم و دوابڕیاریش لای‌ دادگای‌ فیدراڵیه‌.

مام فارس گه‌شبین بوو داواكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ جوتیارانی‌ كوردستان كۆتایی‌ بێت، وتی‌: "وه‌ك گۆڕانخوازێك په‌یمانم داوه‌ سوربم بۆ خزمه‌تكردنی‌ جوتیارانی‌ كوردستان و ده‌ست له‌مافه‌كانیان هه‌ڵناگرین.


هەواڵی زیاتر