جڤاتی نیشتمانی هەڵسەنگاندن بۆ شەش مانگی حكومەت و بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی دەكات

30/01/2020

كەمێك بەر لە ئێستا كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان  بە سەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی لە گردى زەرگەتە دەستیپێكرد و تیایدا گفتوگۆ دەكرێت لەسەر كارەكانی حكومەت لە شەش مانگی یەكەم،  لە تەوەری دووەمیشدا ئامادەكارییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەستنی دووەم كۆنفرانسی نیشتمانی تاوتوێدەكرێن. 

 
وەك ئەوەی لە كارنامەی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، لە تەوەری یەكەمدا خوێندنەوە بۆ راپۆرتی ژوورە پەیوەندیدارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت سەبارەت بە كارەكانی شەش مانگی یەكەمی تەمەنی كابینەی نوێی حكومەت و جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت و رێكەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ ئاڵنگارییەكانی بەردەم كابینەی حكومەت بۆ چاكسازی. 


لە تەوەری دووەمیشدا راپۆرتی ژوورە پەیوەندیدارەكان بۆ كاری رێكخراوەیی و ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی دووەم كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەخرێتەروو و گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت. 


هاوكات بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر دانانی چوار رێكخەر نوێ‌ بۆ ژوورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، كە بریتین لە ژوورەكانی ( پەیوەندی سیاسی، توێژینەوەی سیاسی، پەرلەمان و حكومەت و كارگێڕی و دارایی. 


هەواڵی زیاتر