عەلی حەمەساڵح: بەشداریکرن لە حکومەت، بۆ بێدەنگی نیە

31/01/2020

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەشداری ئەوان لە حکومەتدا بۆ بێدەنگی نییە، دەشڵێت: ھەڵوێست و قسەمان دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ بەدرێژایی دانوستانەکان گۆڕان پێداگیری لەسەر خاڵێک دەکرد، ئەویش ئەوەبو ئەگەر نیەت و بڕیاری چاکسازی ھەیە، لە حکومەت بەشداردەبین و بەرپرسیاریەتی ھەڵدەگرین، ئەگەر نەشکرا کاری ئەوان چاوپۆشی و پەردەپۆشی نیە.

دەشڵێت: سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکە باسی چاکسازی دەکات، ھیچ خاڵێک باسی بێدەنگی ناکات لە ئاست کەموکورتی و نادادی و گەندەڵی.

بەوتەی عەلی حەمەساڵح" رێککەوتنمان کرد بەھاوبەشی چاکسازی و گۆڕانکاری بکرێت، نەک بۆ بەردەوامی ئەم دۆخە پڕ لە گەندەڵی و نادایە، گۆڕان، نیەت و ئامانجی نیە ببێتە بەشێک لە قاچاخچێتی خاڵە سنوریەکان و پشکی ھەبێت لە نەوتدا، بۆیە دەبێت قسەی جدی و ھەوڵی چاکسازی ھەبێت، نەک ببێتە شەریکی گەندەڵیەک لای خەڵک، کە تێیدا شەریک نیە".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رونیشیکردەوە، بەخوێندنەوەی دۆخی ناوچەکە پێمانوابو بەشداریکردن بە مەرجی چاکسازی لە حکومەت، چاودێری و قسەی جدی لە پەرلەمان، بڕیار و ھەنگاوی جدی حکومەت و وەزیرەکان بۆ چاکسازی، دروستترین بژاردەیە بۆ خەڵکی کوردستان.

هەروەک جەختیش دەکاتەوە لەوەی لەمەودوا جدی تر پڕۆژە و ھەڵوێست و قسەیان دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی.


هەواڵی زیاتر