یەکەمین دیداری گۆڕان بەڕێوەدەچێت

31/01/2020

سبەینێ شەممە یەکەمین دیداری گۆڕان بەڕێوەدەچێت بۆ هەڵسەنگاندنی کاری پێشوی سیاسیی بزوتنەوەکە و ئاڵوگۆڕی بۆچون و خستنەڕوی تێڕوانی نوێ بۆ داهاتوی کاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان.

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی بەڕێوەچونی یەکەم دیداری گۆڕان راگەیاند؛ دیدارەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (پرد)دا دەبێت و تاوتوێی بنەما فکرییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێت و چوار پانێڵ لە خۆ دەگرێت، هەروەک لە پەراوێزی پانێڵەکانیش چەندین دیدار بەڕێوەدەچێت، وەک تاوتوێکردنی پرسی بەشداری ژنان و گەنجان و کاری رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان.

لەبارەی ئامانجی دیدار و پانێڵەکان، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی گۆڕان وتی"ئامانجی پانێڵەکانی دیدارەکە تەرکیز خستنە سەر بونیادی فکری بزوتنەوەی گۆڕان و هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ خۆرێکخستنەوەی ئەو بنەما فکریانەی کە بۆ کاری رێکخراوەیی و کاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە".

رونیکردەوە، لە دیداری گۆڕان نزیکەی (100) کەس لە خەڵکی دەستەبژێر و رۆشنبیر و ئەکادیمیست بانگهێشتکراون کە نزیکایەتییان لەگەڵ بیری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە و گفتوگۆیەکی چڕ و جدی ئەنجام دەدەن بۆ گەڵاڵەکردنی چەند راسپاردەیەک بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی بونیادە فکرییەکانی کاری رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و دواتر راسپاردەکان ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی و خانەی راپەڕاندن دەکرێن بۆ ئەوەی لە داڕشتنی کاری سیاسی گۆڕان جێ بگرێت.

 

 

 

.


هەواڵی زیاتر