"دەستەی دانوستان بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزیی کورد لە بەغدا گرنگە"

06/02/2020

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ دروستکردنی دەستەی دانوستاندان لە ئێستادا هەنگاوێکی گرنگە بۆ به‌ یه‌ك ده‌نگیی و یه‌كگرتویی کورد لە بەغدا، دەشڵێت: پێویستە دەستەکە لە نوێنەرانی سەرجەم لایەنەکان و کەسانی پسپۆڕ پێکبێت.

یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەت، دروستکردنی دەستەی دانوستانە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، شاخەوان رەئوف بەگ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگه‌یاند:"گرنگە ئێستا ئەو دەستەیە پێکبهێندرێت و دروست بکرێت، چونکە گرنگی دەستەکە لەوەدایە کە کورد بە یەک دەنگ و یەکگرتویی دەچێتە بەغدا.

وتیشی:"پێویستە ده‌سته‌ی دانوستان‌ له‌ نوێنه‌ری سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ پێکبهێندرێت و دۆسییەکانی دانوستاندنی هەرێمی رادەست بکرێت، چونکە ئەو دەستەیە دەبێتە نوێنه‌رایه‌تی كورد نه‌ك حیزبه‌ سیاسیه‌كان".

سەبارەت بە گرنگی پێكهێنانی دەستەکە، ئەو پەرلەمانتارە رونیكرده‌وه‌، گرنگی پێكهێنانی ده‌سته‌ی دانوستان‌ له‌وه‌دایه گوزارشت له‌ سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ پاراستنی بەرژوەندییەکانی هاوڵاتیان و هەرێمی کوردستان.


هەواڵی زیاتر