گوڵستان سەعید: پێویستە حکومەت بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە یاسای چاکسازی جێبەجێ بکات

04/02/2020

ئەندامێکی‌ فراکسیۆنی‌ گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ دوای‌ ئیمزاکردنی یاسای‌ چاکسازی لە موچە و خانەنشینی‌ لەلایەن سەرۆکی‌ هەرێمەوە، چاودێرێکی‌ ورد دەبن بەسەر جێبەجێکردنی‌ یاساکەوە.

گوڵستان سەعید، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لە فراکسیۆنی‌ گۆڕان راگەیاند؛ دوای‌ ئیمزاکردنی یاساکە، ئێستا حکومەت لێپرسراوە لەبەردەم جێبەجێکردنیدا و دەشڵێت: لە بنەڕەتدا حکومەت خۆی‌ بە پڕۆژەیەک یاساکەی‌ هێنا بۆ پەرلەمان و دواتر بە هەماهەنگی‌ لیژنە تایبەتمەندەکان و پەرلەمانتاران گفتوگۆی‌ وردی‌ لەبارەوەکرا و بە زۆرینەی‌ دەنگ دەرچوێندرا، بۆیە مادام پڕۆژەکە لە حکومەتەوە هاتوە ئومێدی‌ جێبەجێکردنی‌ یاساکە زیاترە.

باسی‌ لەوەشکرد، ئەوان وەک پەرلەمانتاران چاودێرێکی‌ ورد و جدی‌ دەبن بەسەر جێبەجێکردنی‌ یاساکەوە.

گوڵستان سەعید جەختی‌ لەوەکردەوە، یاساکە یەکێکە لە یاسا باشەکان و دەستکەوتێکی‌ گرنگی‌ ئەم خولەی‌ پەلەمانە و یەکەم هەنگاوە بە ئاڕاستەی‌ چاکسازییەکی‌ گشتگیر و رێکخستنەوەی‌ داهات و خەرجییەکانی‌ حکومەت و دروستکردنی‌ دادپەروەری‌ لە موچە و شایستە داراییەکان بەتایبەت لەبەرامبەر ئەو کەسانەی بە ناشایستەیی بونەتە بار بەسەر بودجەی‌ گشتییەوە.

ئاماژەی‌ بەوەکرد دەرچواندنی‌ یاساکە بە زۆرینەی‌ دەنگ و بە هەماهەنگی‌ حکومەت و پەرلەمان، نیشانەی‌ هێزی‌ یاساکەیە، بۆیە لەسەر حکومەت پێویستە بەو ئیرادەیەوە یاساکە جێبەجێ بکات و ئێستاش کاتی‌ جێبەجێکردنیەتی


هەواڵی زیاتر