پەرلەمانتاران: خانەنشینی‌ هەرێم هاوشێوەی بەغدای لێدەكرێت

07/02/2020

پەرلەمانی كوردستان لە چاوەڕوانی‌ حکومەتدایە تاوەکو پڕۆژە یاسای خانەنشینی یەكگرتو ئامادە بکات و رەوانەی‌ پەرلەمانی‌ بکات، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش جەختدەکەنەوە لەوەی‌ کە پێویستە یاسای‌ خانەنشینی‌ هاوشێوەی بەغدای لێبكرێت و كەمترین موچە (400) هەزار دیناربێت.

جەلال محەمەد ئەمین ئەندامی‌ فراکسیۆنی‌ گۆڕان لە پەرلەمانی‌ کوردستان رایگەیاند؛ جێبەجێکردنی‌ یاسای‌ خانەنشینی‌ یەکگرتو بەشێك بوە لە بەرنامەی كاری گۆڕان بە ئامانجی‌ رێكخستنەوەی موچەی سەرجەم فەرمانبەران.

پاشان جەلال محەمەد ئاماژەی‌ بەوەکرد، لەئێستادا كار بۆ ئەوە دەكرێت كە خانەنشینی‌ لە هەرێم هاوشێوەی بەغدای لێبكرێت، بەڵام تائێستا حكومەت پڕۆژەکەی‌ ئامادە نەکردوە.

پەرلەمانتارەکەی‌ گۆڕان باسی‌ لەوەشکرد، کە ئامادەكرنی یاسای خانەنشینی یەكگرتو بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت و دواتر دەنێردرێتە پەرلەمان و لەوێش خوێندنەوەی یەكەم و دوەمی بۆ دەكرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە و لە ماوەی سێ‌ مانگدا یاساكە جێبەجێ دەكرێت.

جەلال محەمەد، پشتگیری خۆی بۆ یاسای خانەنشینی یەكگرتو هاوشێوەی بەغدا دەربڕی و وتی:"پێویستە حكومەت كار بۆ جێبەجێکردنی‌ ئەو پرسە بكات، چونكە پەیوەندی بەژیانی هاوڵاتیانی هەرێمەوە هەیە."

هاوکات زانا مەلا خالید ئەندامی‌ فراکسیۆنی‌ پارتی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان راگەیاند، یاسای خانەنشینی یەكگرتو دو بابەتی سەرەكی لە خۆدەگرێت، یەكێكییان پەیوەستە بە موچەی خانەنشینی فەرمانبەری شارستانی بۆ بەرزكردنەوەی رێژەكەیان، ئەوی‌ دیکەش هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ، كە موچەكەیان پێویستە بەرزبكرێتەوە.

رۆژی (4/2/2020) سەرۆكی هەرێمی‌ کوردستان دوای‌ ئیمزاکردنی یاسای‌ چاکسازی‌ رایگەیاند، حكومەتی هەرێم رادەسپێرن تا لە ماوەیەكی گونجاودا پڕۆژە یاسای خانەنشینی یەكگرتو بۆ هەرێمی كوردستان ئامادەبكات.


هەواڵی زیاتر