شیرین ئەمین: ئەنجامی‌ یاسای‌ چاکسازی‌ لە جێبەجێکردنیدا دەردەکەوێت

17/02/2020

سەرۆکی‌ لیژنەی‌ دەسپاکی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان ئاماژە بە مەترسیداریی‌ رێژەی‌ گەندەڵی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان دەکات و جەخت دەکاتەوە لەوەی‌ زۆرینەی‌ ئەوانەی‌ لە گەندەڵی‌ گەورە گلاون کەسانی‌ دەستڕۆیشتون، دەشڵێت:"یاسای‌ چاکسازی‌ لە موچە و خانەنشینی‌، بە ھەنگاوی یەکەم و کۆڵەکەی‌ چاکسازی دەبینرێت، بەڵام لە جێبەجێکردنیدا ئەنجامەکانی دەردەکەوێت و دەبێت ئێمەش وەک پەرلەمان و پەرلەمانتار چاودێر دەبین بەسەر جێبەجێکردنیەوە".

شیرین ئەمین، سەرۆکی‌ لیژنەی‌ دەسپاکی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەی‌) کە دواتر دەقەکەی‌ بڵاودەبێتەوە، رایدەگەیەنێت؛ گەندەڵی ھەمو جومگەکانی‌ حکومڕانی گرتوەتەوە و گرفتەکەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەوانەی‌ لە گەندەڵی‌ گلاون کەسانی‌ دەستڕۆیشتون و لە ژێر چەتری دو حیزبی باڵا خۆیان حەشارداوە و یاساش کڵۆڵ کراوە.

ئەوەش دەخاتەڕو وەک لیژنەکەیان زۆرترین بەدواداچونیان ھەبوە هەر لە گەرمیانەوە تا زاخۆ و دەڵێت:"ھەر دۆسیە و مەلەفێک بە ئێمە گەشتبێت کارمان لەسەر کردوە و چاوپۆشیمان لە ھیچ دۆسییەیەک نەکردوە، پێویستە سەرۆکایەتی‌ پەرلەمانیش هاوکاری‌ لیژنەکان بن نەک لەمپەر بن لەبەردەم کارەکانیان"، هاوکات بونی‌ رۆتین بە گرفتێکی‌ گەورە ناودەبات و دەڵێت:"بەپێی رێکارەکانی چاودێری، پێویستە ئەو پرسیارەی‌ ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت لە (21) رۆژ وەڵام بدرێتەوە، بەڵام زۆرینەی ئەو نوسراوانەی ئاراستەی ئەنجومەنی‌ وەزیران کراون وەڵامدانەوەیان سێ مانگی تێپەڕاندوە.

لەبارەی‌ یاسای‌ چاکسازی‌ لە موچە و خانەنشینی‌، سەرۆکی‌ لیژنەی‌ دەسپاکی‌ دەڵێت:"ئەو یاسایە بە ھەنگاوی یەکەم و کۆڵەکەی‌ چاکسازی دەبینرێت، بەڵام لە جێبەجێکردنیدا ئەنجامەکانی دەردەکەوێت و دەبێت ئێمەش وەک پەرلەمان و پەرلەمانتار چاودێربین بەسەر جێبەجێکردنیەوە و لەئاستیدا بێدەنگ نەبین".

شیرین ئەمین ئاماژە بە پێویستی‌ دەستنیشانکردنی‌ یاریدەدەری‌ سەرۆکی‌ حکومەت بۆ چاکسازی‌ دەکات و دەڵێت:"یەکلا نەکردنەوەی ئەو پرسە بۆشایی دروستکردوە لە هەنگاونان بۆ چاکسازی، چونکە ئەو ئەو پۆستە پێویستییە و گرنگە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویستی‌ دەزانێت بە یاسا دەسەڵاتەکانی‌ رێکبخرێت، یۆیە پێویستە لە ساڵی نوێی یاساداناندا رەشنوسی یاسایەک بۆ ئەو مەبەستە ئاڕاستەی پەرلەمان بکرێت بۆئەوەی‌ ئەو پۆستە یەکلا بکرێتەوە لە نزیکترین کاتدا دەست بەکاربێت، دەنا تێپەڕبونی کات و مانەوەی ئەو پۆستە لە فەراغدا زیان بە پرسی چاکسازی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەگەیەنێت".


هەواڵی زیاتر