شاخەوان رەئوف بەگ: بەقاچاخبردنى نەوت کێشەیەکى گەورەیە و قسەى جدیمان لە سەرى دەبێت

29/02/2020

سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ بردنى نەوت بە قاچاخ کێشەیەکى گەورەیە و دەبێت پەرلەمانى کوردستان قسەى جدى لەسەر ئەو پرسە هەبێت.

شاخەوان رەئوف بەگ، ئەندانى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان و سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان راگەیاند: وەک فراکسیۆنى گۆڕان لە دانیشتنى سبەینێدا بەرنامەمان هەیە بە وردى گفتوگۆ لەسەر پرسى بە قاچاخبردنى نەوت بکەین، چونکە بردنى نەوت بە قاچاخ کێشەیەکى گەورەیە و دەبێت پەرلەمانى کوردستان قسەى جدى لەسەر ئەو پرسە هەبێت.

هەروەک بەرنامەى فراکسیۆنەکەیانى بۆ وەرزى بەهارەى پەرلەمان ئاشکراکرد و وتى: لەم وەرزەوە دەمانەوێت کار لەسەر ژمارەیەک پڕۆژە یاسا بکەین، لەوانەش پڕۆژەی یاسای روبەڕوبونەوەی بە قاچاغبردنی نەوت و هەروەها سندوقی داهاتی نەوت و یاسای گومرگ و خاڵەسنورییەکان و هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان.

لەبارەى یاساى چاکسازیشەوە، شاخەوان رەئوف بەگ، باسى لەوەکرد، دواى ئەوەى یاساى چاکسازى لە موچە و خانەنشینى کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە چاودێرێکى ورد دەبن لەسەر جێبەجێکردنى یاساکە و داوتریش ئامادەکردنى پڕۆژە یاسا بە تایبەت لە سێکتەرى نەوت و سامانى سروشتى وەک بەرنامەیەک بۆ تەواوکردنى چاکسازییەکى گشتگیر لەسەرجەم بوارەکاندا.

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە پەرلەمانى کوردستان کۆببێتەوە و لە دانیشتنەکەدا خوێندنه‌وه‌ى دوه‌مى پێشنیازه ‌یاسای (به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى به‌قاچاغبردنی نه‌وت و لێده‌رهێنراوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) دەکرێت به‌پێی حوكمى مادده‌كانى (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان.


هەواڵی زیاتر