گۆڕان: ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریداوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵیه‌كانى خاڵه‌سنوریه‌كان بكات

03/03/2020

له‌ به‌دواداچونێكى شه‌ش مانگیدا، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ڕاپۆرتێكى تایبه‌ت له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى خاڵه‌سنوریه‌كان ده‌داته‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستان، حكومه‌تیش بڕیارى لێكۆڵینه‌وه‌ده‌دات.

 عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ڕایگه‌یاند، گەندەڵی گەورەو قاچاخچێتی و قۆرخکاری و فێڵکردن لە خەڵک و حکومەت بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێک، زیانی گەورەی گەیاندوە.

وتیشى، بەبێ گوێدانە ھیچ ڕێگری و فشارێک، لە ئیبراھیم خەلیل و سمێلکاو و باشماخەوە تاوکو و حاجی ئۆمەران و پەروێزخان نزیکەی چوارسەد بەڵگەنامە و زانیاریمان کۆکردەوە.

سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، وتیشى، ئەم زانیاریانە خرایە بەردەم سەرۆکایەتی حکومەت و وەزارەتی دارایی، بەسەردان و بەدواداچونی گفتوگۆ تواندرا ئەو باوەڕە دروستبکرێت ، چاکسازی گەورە لە خاڵە سنوریەکاندا پێویستە.
لە ئێستادا ئەو بڕیارەی پێویست بوو بۆ ئەو گەندەڵیانە لە ئەنجونەی وەزیرانەوە دەرچوە، ئەرکی ئێمە لێرەدا کۆتایی نایەت و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەین.

ڕونیشیكرده‌وه‌، كه‌ بڕیارەکە بۆ سەرجەم خاڵە سنوریەکانەو ھەر چوار دۆسیەکە دەگرێتەوە.

یەک: دۆسیەی قاچاخچێتی بە ھێزی حکومەت و خۆدزینەوە لە گومرگ.
دوو: دۆسیەی کاری کۆمپانیاکان کە بە یازدە ڕێگا پارە وەردەگیرێت.
سێ: دۆسیەی بەخشینی گومرگی.
چوار : ترانزێتی ساختە، کاڵا داخڵی کوردستان دەکرا بە ناوی ترانزێت بۆ سوریاو گومرگ نەدەدرا.

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح ده‌شڵێت، چۆن شەش مانگی ڕابردوو بەبێ گوێدانە ھەڕەشەو فشاری گەندەڵکاران کۆی دۆسیەکانمان خستەڕوو، کاری جدیمان کرد تاوەکو دەرچونی بڕیارەکە، بەھەمان شێوە چاودێری جێبەجێبوونی ئەم بڕیارانەش دەکەین بەبێ چاوپۆشی لەکەس.


هەواڵی زیاتر