دابان محه‌مه‌د: پرۆسه‌ی‌ نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێم، له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ و كۆنترۆڵی‌ حكومه‌تدا نه‌ماوه‌

03/03/2020

پەرلەمانتارێكی بزوتنه‌وه‌ی‌  گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: داناگاز ده‌ست و قاچی هه‌رێمی توشی شه‌له‌ل كردوه‌ دەشڵێت ،"به‌ عه‌قڵی چ كه‌سێك ده‌چێت، هه‌مو داهاتی ناوخۆی ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌ له‌ ته‌نه‌كه‌ی خۆڵی ماڵانه‌وه‌ پاره‌ وه‌رده‌گیرێت تا ده‌گاته‌ پاره‌ی هه‌وا، 240 ملیار دینار بێت".

دابان محەمەد،پەرلەمانتاری بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان ده‌ڵێت: "تا ئێستا ئیراده‌ی چاكسازی و هه‌نگاوه‌كان به‌ ئاراسته‌ی چاكسازی و چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان لاوازه‌. قسه‌ی زۆر و كرداری كه‌م، به‌ڵێنی زۆر و هه‌نگاوی بچوك، گه‌نده‌ڵی و دزی گه‌وره‌ بێ لێپرسینه‌وه‌، ئه‌م كابینه‌یه‌ سه‌رناخات، به‌ بێ چاكسازی ڕیشه‌یی له‌ بواری داهات و خه‌رجی له‌م كابینه‌یه‌ش، چاوه‌ڕوانی فه‌رمانبه‌ران بۆ موچه‌ و دواكه‌تن و نه‌هاتنی پاره‌ش له‌ به‌غداوه‌ ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌، له‌ هه‌ر سه‌ری مانگێكدا"
 
ئاماژەی بەوەشداوە،"پرۆسه‌ی نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێم، له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ و كۆنترۆڵی حكومه‌تدا نه‌ماوه‌، حكومه‌ت زیاتر كار بۆ كۆمپانیاكان ده‌كات و چاوه‌ڕوانی ئه‌وانن مانگانه‌ شتێك پاره‌ی بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، له‌ كۆی 780 ملیار دیناری مانگانه‌ له‌و به‌شه‌ی فرۆشتنی نه‌وت كه‌زانراوه‌، 420 ملیۆن دۆلار بۆ خه‌رجی كۆمپانیاكان و كرێی بۆری و دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌ كه‌ پێشوه‌خت ده‌ڕوات، 360 ملیۆن دۆلار ده‌درێته‌ حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ كوێی دنیا ئه‌گه‌ر كارگه‌یه‌كی ئاویش بێت، خه‌رجیه‌كانی زیاتره‌ له‌و داهاته‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێت ،  ئه‌وه‌ كه‌رتی غاز با بوه‌ستێت، كه‌ داناگاز ده‌ست و قاچی هه‌رێمی توشی شه‌له‌ل كردوه‌ مه‌گه‌ر له‌ كێشه‌یه‌كی وه‌ك كێڵگه‌ی كۆرمۆر، حكومه‌ت و خه‌ڵك هه‌ست بكه‌ن ئه‌م هه‌رێمه‌ خاوه‌نی غازی سروشتیه‌"
 
باسی لەوەشكردووە، گه‌نده‌ڵی و به‌ هه‌ده‌ردان دزیكردن ته‌نیا له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان نیه‌، داهاتی وه‌زاره‌ته‌كان و باج و ڕسوماتی كۆمپانیا گه‌وره‌ نه‌وتیه‌كان تا ده‌گاته‌ كۆمپانیای ناوخۆیی و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له‌ هاوڵاتیه‌كی ئاسایی وه‌رده‌گیرێت، ناكرێت ئه‌و باجه‌ كه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیانه‌ كه‌ زیاتر له‌ سه‌رانه‌ ده‌چێت، بسه‌پێنرێت، به‌ڵام چاوپۆشی له‌ 100 ملیار دیناری ڕسومانی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی بكرێت.

ئه‌و پەرلەمانتارە رونیکردوەتەوە، به‌ عه‌قڵی چ كه‌سێكدا ده‌چێت هه‌موو داهاتی ناوخۆی ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌ له‌ ته‌نه‌كه‌ی خۆڵی ماڵانه‌وه‌ پاره‌ وه‌رده‌گیرێت تا ده‌گاته‌ پاره‌ی هه‌وا، 240 ملیار دینار بێت، به‌ڵام خه‌رجی چه‌ند وه‌زاره‌تێك به‌ بێ موچه‌ش 200 ملیار دیناربێت.
 
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، داهاتی ناوخۆی هه‌رێم، به‌و گه‌نده‌ڵی و پاشاگه‌ردانیه‌ی ئێستاوه‌ زیاتر له‌ 240 ملیار دیناره‌، خۆ ئه‌گه‌ر چاكسازی تێدا بكرێت و لێخۆشبونی كۆمپانیاكان و چاوپۆشی له‌ كۆمپانیا حزبیه‌كانی خۆیان نه‌كرێت، 300 ملیار دینار به‌ره‌وژور ده‌بێت.

لەبەشێکی‌ دیکەی‌ قسەکانیشدا دابان محەمەد ئەوەی‌ خستووەتەڕوو کە كۆی داهاتی نه‌وت و غاز، كه‌ زیاتر له‌ 780 ملیار دیناره‌ (ئه‌وه‌ی تا ئێستا دیاره‌) ته‌نها 360 ملیاری ده‌درێت به‌ وه‌زیری دارایی، ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سندوقی داهاته‌ نه‌وتیه‌كاندا شه‌فاف بكرێت و پێداچونه‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ی گه‌ڕان تا به‌ بازارخستندا بكرێت، سنورێك بۆ به‌هه‌ده‌ردان و پشكپیشكێنه‌ی كۆمپانیا خزمه‌تگوزارییه‌كان و سكیوریتی كیڵگه‌كان دابنرێت سه‌دان ملیار دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ش به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران 30 ڕۆژ جارێك موچه‌ وه‌ربرگرن و چاوه‌ڕێی ده‌ستی به‌غداد نه‌كه‌ن"


هەواڵی زیاتر