گوڵستان سەعید: داوای کۆبونەوەی پەرلەمانمان کردوە بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

05/03/2020

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ حکومەت تواناکانى کەمە و لە ئاستى وڵاتانى زلهێزدا نییە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان زیاتر خۆپارێز بن و پەیڕەوى رێنماییە تەندروستییەکان بکەن، دەشڵێت: داوای دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانیان کردوە لەسەر پرسی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چاوەڕێی وەڵامی دەستەی سەرۆکایەتین.
گوڵستان سەعید، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان راگەیاند؛حکومەتى هەرێم لە روى دارایی و تواناوە رەنگە نەتوانێت هاوتاى وڵاتانى پێشکەوتو رۆڵ ببینێت لە روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەوەى کە ئێستا دەیبینین لەلایەن حکومەتەوە هەنگاوێکى باشە، دەشڵێت: ئەوەى پێویستە ئەوەیە کە خەڵک خۆى زیاتر بپارێزێت و زیاتر ئاگادار بێت و رەچاوى رێنماییەکان و ئەو ئیجرائاتانە بکەن کە لە پێناوى پاراستنى خەڵک و تەشەنە نەسەندنى ئەم ڤایرۆسە دەکرێت.
داواش لە حکومەت دەکات کە جدیتر کاربکات بۆ روبەڕوبونەوەى ئەم ڤایرۆسە و هەروەها پێویستە هاوڵاتیانیش زیاتر بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و ئەگەر گەشتی وڵاتانیان کردوە پێویستە خۆیان بڕۆن و داواى پشکنین بکەن تا خۆیان و خێزانەکانیان پارێزراو بن و دواجاریش کۆمەڵگا لەم ڤایرۆسە بەدور بخەن.
لەبارەى رۆڵى پەرلەمانەوە بۆ روبەڕوبونەوەى ئەم ڤایرۆسە، گوڵستان سەعید ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، پێش ئەوەى ڤایرۆسەکە بێتە هەرێمى کوردستان لیژنەى تەندروستى داواى دانیشتنێکى تایبەتى کرد لە (12/2) بەڵام ئەنجام نەدرا، هەروەها لە دانیشتنى دوێنێى پەرلەمانى کوردستاندا کە بە بەمەبەستى دەنگدان لەسەر یاساى رێگریکردن بەقاچاغبردنى نەوت ئەنجامدرا، جارێکى دیکە ئەندامانی پەرلەمان داوایان کرد کە پەرلەمان هەرچى زوترە لەبارەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە کۆبونەوە ئەنجام بدات و وتى: چاوەڕێى وەڵامى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانین.


هەواڵی زیاتر