جەلال محەمەد: ئەو پرۆژە یاسایانەى بارگرانی داراییان هەیە رەوانەی حکومەت دەکرێنەوە

06/03/2020

لە وەرزى نوێى یاسادانانیدا، فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان ژورێکى هاوبەش بۆ کارى پێکەوەیى پێکدەهێنن، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت؛ دانانى یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ئەولەویەتی کارەکانی ئەم وەزرەی یاسادانانى پەرلەمان دەبێت.
جەلال محمەمەد ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، لەسەر پێشنیازی یەکێتی پەرلەمانتاران، کاردەکەن بۆ دروستکردنی ژورێکی هاوبەش بۆ ئەم وەرزە نوێیەى یاسادانان، تایبەت بە تاووتوێکردنى کۆی ئەو پرۆژە یاسایانەی بڕیارە ئاڕاستەی سەرۆکایەتى پەرلەمان بکرێن، کە ئامانج لە پێکهێنانی ژورەکە پێشکەشکردنی پرۆژەی هاوبەش و دروستکردنی کۆدەنگییە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکان.
ئاماژەى بەوەشکرد، داوا لەسەرجەم فراکسیۆنەکانى پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەى بەشدارى بکەن و ئەندامیان لەو ژورەدا هەبێت.
جەلال محەمەد راشیگەیاند، لە ئێستادا شەش پێشنیاز لەبەردەم پەرلەمانە و لەلایەن لیژنەی یاساییەوە تاووتوێکراوە، ئەو پرۆژە یاسایانەش کە بارگرانی داراییان هەیە رەوانەی حکومەت دەکرێنەوە.
ئەوەشى خستەڕوو، دانانى یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ئەولەویەتی کارەکانی ئەم وەزرەی یاسادانان دەبێت.


هەواڵی زیاتر