شایان کاکە ساڵح: سەلامەتی‌ دۆخەکە پەیوەستە بە خۆپارێزی‌ هاوڵاتییانەوە

10/03/2020

ئەندامێکی‌ لیژنەی‌ تەندروستی‌ و ژینگە لە پەرلەمانی‌ کوردستان، رایدەگەیەنێت؛ لە ئێستادا خەڵک دو بەشە بەشێکی‌ ترساوە لە کۆرۆنا و بەشێکیشی‌ فەرامۆشی‌ کردوە و هەردوکیشی‌ هەڵەیە، چونکە ئەو ڤایرۆسە نابێت فەرامۆشی‌ بکەیت و نابێت لێشی‌ بترسێیت، بەڵکو دەبێت بە هۆشیارییەوە رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەیت.

دکتۆرە شایان کاکە ساڵح عەسکەری‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ تەندروستی‌ و ژینگە لە پەرلەمانی‌ کوردستان لە فراکسیۆنی‌ گۆڕان رایگه‌یاند: ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا بە خێراییەکی‌ زۆر تەشەنە دەکات، ئەو وڵاتانەی‌ سیستمی‌ تەندروستیشیان بەهیزە توشی‌ قەیران بون، بۆیە بۆ روبەڕبونەوەی‌ یەکەمجار پێویستی‌ بە هەنگاوی‌ خۆپارێزی‌ هەیە.

سەبارەت بە گرتنەبەری‌ رێکارەکان لە لایەن حکومەتەوە، دکتۆرە شایان کاکە ساڵح، باسیلەوەکرد، هەرێمی‌ کوردستان بە گرتنەبەری‌ هەنگاوی‌ خۆپارێزی‌ پێشوەختە توانی‌ تارادەیەکی‌ باش روبەڕوی‌ ڤایرۆسەکە ببێتەوە، بەڵام ئەوە هەنگاوی‌ کۆتایی‌ نیە و پێویستە لەو دو هەفتەیەی‌ دیاریکراوە هاوڵاتیان جدیتر هەنگاوەکان جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی‌ بە سەلامەت دۆخەکە تێپەڕێت.

دەشڵێت: وەک لیژنەی‌ تەندروستی‌ پەرلەمان، بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی‌ تەندروستی‌ لەسەر هێڵین بەتایبەت لە هەنگاوەکان و گرتنەبەری‌ رێوشوێنی‌ پیویست و پرسی‌ گەڕانەوەی‌ خەڵک بە قاچاخ و رێوشوێنی‌ بازرگانی‌ لە مەرزەکانەوە.

بە بۆچونی‌ ئەو پەرلەمانتارە، ئێستا زیاتر بەرچاویان رۆشنە و دەزانن کەموکورتییەکانی‌ کەرتی‌ تەندروستی‌ لە کوێدایە، بۆیە دەبێت ئەوە بکرێت بە هەنگاوی‌ پێداچونەوە و چاکسازیکردن لە سیستمی‌ تەندروستی‌ هەرێم.


هەواڵی زیاتر