101 رێگا بۆ زیادكردنی داهات و دابینكردنی موچه
24/03/2020
دابان محه‌مه‌د
ڤایرۆسی كۆرۆنا، په‌تایه‌كی جیهانیه، كوشنده‌یه، زۆربه‌ی وڵاتان گیرۆده‌ی بون، مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری هه‌یه له هه‌رێم، خۆشبه‌ختانه ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی چاكبونه‌ته‌وه نزیكبوه‌ته‌وه له ژماره‌ی توشبوان، ئه‌م پرسه بۆ كه‌سانی پسپۆڕ و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی جێبه‌جێكردن به‌جێده‌هێڵین، پشتیوانیان ده‌بین و هاوكارییان ده‌كه‌ین و پابه‌ندی رێنماییه‌كانیا ده‌بین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاوكراوه و چاودێرێكی به دیقه‌تین، بۆ رێكار و هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت له چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی و چۆنێتی زیادكردنی داهات بۆ دابینكردنی موچه.
دۆخی دارایی هه‌رێم، ئیمتیحانێكی گه‌وره و ده‌رفه‌ته، تا هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ته‌واو بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت بكه‌ین. تێبگه‌ین به شوێنپێكانی كابینه‌ی پێشودا حكومڕانی به‌رده‌وامه؟ یان خاوه‌نی روئیای خۆیه‌تی و رێگایه‌كی جیاواز ده‌گرێته‌به‌ر.
كاری له پێشینه پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و فەر‌مانبه‌ر و موچه‌خۆره؟ یان وه‌ك پێشتر حیزب و به‌رپرسانی حزب و كۆمپانیاكانیان. تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دارایی به گیرفانی موچه‌خۆر ده‌كرێت؟ یان گیرفانی حیزب و كۆمپانیا سێبه‌ره‌كانیان!!!
101 رێگا هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی دارایی و زیادكردنی داهات و به‌رده‌وامبونی موچه، ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت ده‌بێت هه‌ر (101) رێگاكه تاقی بكاته‌وه، ئینجا بیر له ده‌ستكاریكردنی موچه و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ری فیعلی! نه‌كاته‌وه. به‌ده‌رله‌وه، هه‌ر هه‌نگا و و بڕیارێكی تر جگه له لێكه‌وته‌ی خراپ و قوڵ، ته‌جاوزی رێككه‌وتنامه‌كانی به‌شدارییه له حكومه‌ت، بازدانه به‌سه‌ر هیێڵه گشتیه‌كانی كارنامه‌ی حكومه‌ت، فرسه‌تهێنان و خراپ به‌كارهێنانی یاسای چاكسازییه و گومانی گه‌وره‌ی سیاسی دروست ده‌كات.
ئه‌و داهاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ناوخۆوه ده‌ستی ده‌كه‌وێت، زیاتره له‌و داهاته‌ی له رێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌وه ده‌گاته وه‌زاره‌تی دارایی! ده‌یان كۆمپانیای هه‌ردو حزب له خاڵی سنوری ئیبراهیم خه‌لیله‌وه تا په‌روێزخان، مانگانه ده‌یان ملیار دینار له ژێر ناوی جیادا ده‌به‌ن.
وه‌رگرتنی چه‌ندین جۆر باجی تر كه ئه‌ركی حكومه‌ته و دراوه به كۆمپانیاكانی سێبه‌ری حیزب، زیانی چه‌ندین ملیار دیناری له داهاتی ناوخۆ داوه، راگرتنی ئه‌م نه‌زیفه له داهات ده‌یان ملیار دینار ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ حكومه‌ت.
له داهاتی نه‌وت، ئه‌و بڕه‌ی ناشه‌فافه و دیارنامێنێت، دو به‌قه‌د ئه‌و بڕه‌یه كه راده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كرێت. باجی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و غاز، گرێبه‌ستی كۆمپانیاكانی خزمه‌تگوزاری، كۆمپانیاكانی ئاسایشی بواری نه‌وت (سكیوریتی)، گرێبه‌ستی كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه و هتد... زیانی سه‌دان ملیار دیناریان له داهاتی نه‌وت داوه به نمونه: تێچوی دروستكردن بۆری نه‌وت، (750) ملیۆن دۆلار بوه، به‌ڵام كرێی مانگانه‌ی (50) ملیۆن دۆلاره! به زمانێكی ساده خانوییه‌ك ده‌كڕیت به (حەوت) ده‌فته‌ر و نیو، به‌ڵام بیده‌یت به كرێی (50) وه‌ره‌قه‌ی مانگانه!!!
ئه‌مانه ته‌نها هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی و یه‌كه‌من له رێكخستنه‌وه و چاكسازی له داهاتی ناوخۆ ( نه‌وتی و غه‌یره نه‌وتی) كه سه‌دان ملیار دینار داهات ده‌گێڕێته‌وه، ده‌ركردنی چه‌ند بڕیارێك به‌س نین، به‌ڵكو نیه‌ت و ئیراده‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م كابینه‌یه‌ی ده‌وێت، له‌گه‌ڵ چاودێری وردی لیژنه‌ی باڵای رێكخستنه‌وه‌ی داهات و خه‌رجیه گشتیه‌كان.