فراکسیۆنی گۆڕان پرۆژەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە پێشکەش دەکات

26/04/2020

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، پرۆژەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە پێشکەش دەکات و داوا دەکات چاکسازی لە چەند سێکتەرێک بکرێت.

پرۆژەکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە حەوت خاڵ پێکهاتووە و داوا دەکات چاکسازی لە هەریەک لە سێکتەرەکانی خاڵە سنورییەکان و وەرگرتنی باج و رسومات و کرێی خزمەتگوزاری و دۆسیەی نەوت و کۆمپانیاکانی سکیوریتی و دروستکردنی کۆمپانیای گشتی و جێبەجێکردنی یاسایی چاکسازی.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پرۆژەکەدا داوا دەکات چاکسازی لەکاری کۆمپانیاکانی خاڵە سنورییەکان بکرێت کە مانگانە داهاتەکەیان ٥٠ ملیۆن دۆلارە

هەروەها لە خاڵێکی تردا داوا دەکات باج لە سەرجەم کۆمپانیاکان وەربگریت بەتایبەت کۆمپانیاکانی بواری نەوت.
خاڵێکی دیکەی پرۆژەکە بریتیە لە وردبینی لە دۆسیەی نەوتدا بکرێت وهەموو ئەو داهاتانەی لە ڕابردوودا چونتە بانکی ئەهلی و خەرج نەکراوە بگەڕێندرێتەوە.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پرۆژەکەدا باسی ئەوەش دەکات پێویستە کۆی ئەو نەوتەی لە پاڵیۆگەکانی ناوخۆ دەمێنێتەوە لە بەندەری جیهانی ڕادەستی بەغدا بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێم لەبەغداوە وەربگریت.

ده‌قی پڕۆژه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان:

بەڕێزان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان
پڕۆژەی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ دابینكردنی موچە و دەربازبون لەم دۆخە.
هەركاتێك قەیرانێك دروستببێت، دەرگایەك بۆ دەربازبون هەیە، بەڵام كردنەوەی ئەم دەرگا ئیرادەی پێویستە.
بۆ دابینكردنی موچە لە ئێستاداو بوژانەوەی ئابوری لە ئایندەدا، ئەم پرۆژەیە دەخینە بەردەستی بەڕێزتتان.

یەك: خاڵە سنورییەكان
1. چاكسازی لە كاری ئەو كۆمپانیایانەی لە خاڵە سنورییەكاندا دەكرێن و دراوە بە ژمارەیەك كۆمپانیا، لە هەر خالێكی سنوری بە (دە) رێگا پارە وەردەگیرێت و داهاتی مانگانەیان نزیكەی 50 ملیۆن دۆلارە (وردەكاری ئەمەمان دیاریكردوەو رادەستی جەنابتانمان كردوە).
2. رێگریكردن لە قاچاخچێتی لەسەرجەم خاڵە سنورییەكاندا، هەندێك مانگ زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار قەبارەی ئەم قاچاخچێتیە بوە (وەردەكاری ئەو دەرگاو رێگایانەمان دیاركردوە كە قاچاخی پێدا دەكرێت و بەجەنابتانمان راگەیاندوە).
3.  كۆنترۆَڵكردنی عەفوی گومرگی و ترانزێت كە لە رابردودا زیانی گەورەی داوە.
شەفافانە مانگانە لە ڕاپۆرتێكدا داهاتی سەرجەم خاڵە سنورییەكان بخرێتە بەردەست پەرلەمانی كوردستان

دو: دۆسیەی باج
1. وەرگرتنی باج لەسەرجەم كۆمپانیاكان لە كوردستان، بەتایبەت ئەو كۆمپانیایانەی تاوەكو ئێستا باجیان نەداوە، لەوانە: كۆمپانیا جیهانی و ناوخۆییەكانی نەوت، پێداچونەوە بە باجی كۆمپانیاكانی ئەنتەرنێت و پرۆژە نیشتەجێبونەكان و خزمەتگوزارییەكانیان و سكویریتی ......هتد.
2. پێداچونەوە بە هەمو ئەو لێخۆشبون و داواخستانەی باج، كە لە پێشوتردا بەدەر لە یاسا كراون.
3. وەرگرتنەوەی 190 ملیار دینار قەرز لە كۆمپانیای پەیوەندی مۆبایل، كە لە زیادەی فرۆشتنی كارتی مۆبایل دەستی كەوتوەو دەبو راستەخۆ بیداتە حكومەتی هەرێم و بە نایاسایی بۆی كراوە بە قیستی 200 مانگ!

سێ: رسومات و كرێیی خزمەتگوزاری
پێداچونەوە بە هەمو ئەو رسوماتانەی كە بۆ خزمەتگوزاری گشتین و لە دەرەوەی بنەماكانی كێبڕكێ‌ و پێویستی دراوە بە ژمارەیەك كۆمپانیا، لەوانە: خزمەتگوزاری عەریزە نوسەكانی دادنوس و  فەرمانگەكانی هاتوچۆو و وەرگتنی كرێی تابلۆی بازرگانی و كۆكردنەوەی پارەی ئاو و پارەی خشاك، ئەمانە ئەركی حكومەتن نەك كۆمپانیاو پێویستە وەربگیرێتەوە.......هتد.

چوار: دۆسیەی نەوت
1. كۆی ئەو پارانەی لە رابردودا داهاتی نەوت بون و چونەتە بانكی ئەهلی وردبینی بكرێت و ئەوەی خەرجنەكراوە بگەڕێندرێتەوە بانكی چ پارەكانی بەخشینی كۆمپانیاكانی نەوت (شیرینی).
 ئەو پارانەی نەوت كە بەناوی پرۆژەوە تەرخانكراون و پرۆژەكان جێبەجێنەكراون.(لیستی پرۆژەكانمان رەوانەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و غازكردوە كە بەهای دو ملیار دۆلار بۆ پرۆژە تەرخانكراوەو پرۆژەكان خەرحنەكراوە.(لە راپۆرتێكدا وەردەكاری ئەم پارانەمان بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز ڕەوانە كردوە).
2. پرۆژەی پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆدا دەستپێبكات و لە ئێستادا دەتواندرێت نزیكەی 150 هەزار بەرمیل لە ناوخۆدا بپاڵێورێت، ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان دەستدەكەوێت بەتایبەت (بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی) زۆر زیاترە لە فرۆشتنی نەوتی خاوی هەرێم بەم نرخەی ئێستا، ئەمە جگە لەوەی هاوڵاتیان لە روی نرخ و كوالێتیەوە سودمەند دەبن. هیچ گرفتێكیش بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق دروستناكات، عێراق ئێستا رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و بۆیە دەكرێت هەرێمی كوردستانیش نزیكەی 150 هەزار بپاڵێوێت.

3. رێككەوتن لەگەڵ عێراق، حكومەتی هەرێم كۆی ئەو نەوتەی جگە لە پاڵاوتنی ناوخۆ دەمێنێتەوە لە بەندەری جیهان رادەستی سۆمۆی بكات، لە بەرامبەر شاسیتە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
4. پێداچونەوە بە كۆی خەرجییەكانی نەوت، كە بە فیڕۆدان و قۆرخكاری و نادادی زۆری تێدایە.

پێنج: دۆسیەی قەرزەكان
حكومەت 800 ملیار دیناری قەرزی لای بازرگانەكانە، وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە لە ئێستادا كارێكی پێویستە، بەپێی بڕیاری حكومەت دەبێت تاوەكو 21/5/2020 ئەم قەرزانە وەربگیرایتەوە.
شەش: دۆسیەی كۆمپانیاكانی سكویریتی:
سەرباری ئەو ژمارە زۆری هێزی پێشمەرگەو ئەمنی هەرێمی كوردستان، 64 كۆمپانیای سكویریتی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، تەنانەت پاسەوانی كێڵگەكانی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانیش دراون بە كۆمپانیای سوكیوریتی و ئەمەش مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەبات.
حكومەتی هەرێمی دەتوانێت خۆی ئەم ئەركە بەڕێوەببات.

حەوت: دروستكردنی كۆمپانیای گشتی.
لە عێراقدا حكومەت دەتوانێت بەیاسا كۆمپانیای كەرتی گشتی دروستبكات و لە چەندین بواری جیاوازدا كاربكات و سود لە میلاكی زیادەی فەرمانبەرانی هەرێم ببێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری سەرچاوەیەكی گەورەی داهات.

هەشت: جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە موچەی خانەنشینی
هەوڵبدرێت لە زوترین كاتدا ئەو ماددانەی یاساكە كە چارەسەری نادادی گەوەری تێدایەو پەیوەستە بە چاكسازی لە لیستی خانەشینانی ئەمنی و سەربازی و پلە باڵاكان و لیستی شەهیدان و كەمئەندامی سەنگەر... هتد بچێتە بواری جێبەجێكردن.

كۆی ئەم خاڵانە پێشنیاری واقعین، لە رابردودا بەدواداچونی وردمان بۆ سەرجەم ئەم خاڵانە كردوە، باوەڕمان وایە، بەجێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە هەرێمی كوردستان لەم دۆخە دەربازی دەبێت، بۆ ئایندەش چەندین پایەی بەهێزی ئابوری دروستدەبێت و دەتوانین ژێرخانی ئابوری ببوژێنینەوە.

فراكسیۆنی گۆڕان
25/4/2020


هەواڵی زیاتر