باژێروانی کفری بزوتنەوەی گۆڕان: پێویستە هێزی زیاتری پێشمەرگە ڕەوانەی ئەم سنورە بکرێت

04/05/2020

باژێڕوانی مەکۆی کفری بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت گروپەکانی داعش و جموجوڵ و چالاکییەکان بوەتە مەترسی جدی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و پێویستە حکومەتی هەرێم هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچە بکات.

نەسردەین مەحمود باژێڕوانی مەکۆی کفری لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق دەستی لەم ناوچانە شۆردوە و خەمی ناخوات،بۆیە پێویستە هەرێم زیاتر بیری لێ بکاتەوە.

وتیشی زۆرجار گروپەکانی داعش لە نزیک بازگەکانی حکومەتی عێراق بازگە دادەنێن بەڵام هێزە عێراقییەکان هیچیان پێ ناکرێت.

باژێڕوانی کفری بزوتنەوەی گۆڕان ڕونیدەکاتەوە حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە لە سلیمان بەگ و زنجیرە چیای زەڕەوە هەتا  رێگای سەرەکی جەلولا هێزی پێشمەرگە جێگیر بکات، ئیتر ئەو ناوچانە پارێزراو دەبن.

دەشڵێت ئەگەر ئەو سنورە هێزی پێشمەرگەی لێ بێت داعش سنور داردەبێت و ناتوانن چالاکی بکەن و سەرانە لە گوندنشینەکان وەربگرن.

نەسرەدین مەحمود وتیشی حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمە لە پاراستنی هاوڵاتیانی کورد و دانیشتوانی گوندە کوردییەکان،چونکە هاوڵاتیانی کوردی گوندەکان لە ئێستادا ناتوانن بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بدورنەوە و داعش هەڕەشەیان لێ دەکات.

لەوەڵامی پرسیاری کاریگەری جموجوڵ و چالاکیەکانی داعش لەسەر ژیانی هاوڵاتیان باژێڕوانی کفری بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرای دەکات لە ناو شاری کفری ودەوروبەریشی هاوڵاتیان ناتوانن بە ئازادی بڕۆنە دەرەوە چونکە گروپەکانی داعش بە شێوەی مەفرەزی سێ بۆ چوار کەسی لە هەموو شوێنێک چالاکی دەکەن و دەبینرێن.

نەسرەدین مەحمود باس لە تازەترین چالاکی و ڕوداوی ناوچەکە دەکات و دەڵێت دوێنی شەو گروپەکانی داعش هێرشیان کردۆتە سەر کارگەیەکی چەو و لم لە ناوچەکە و پاسەوانی کارگەکەیان فڕاندوە و کۆمەڵێک ئامێریان بردوە.


هەواڵی زیاتر