عەلی حەمە ساڵح: دەستگیرکردنی مامۆستایان کارێکی نارەوا و ناپەسەندە
16/05/2020
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ دەستگیرکردن مامۆستایان و موچەخۆران لەسەر داواکردنی مافەکانیان کارێکی ناڕەواو ناپەسەندە، دەشڵێت: پێویستە لە زوترین کاتدا ئازادبکرێن.
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، دژی دەستگیرکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دهۆک رایگەیاند: لە بری دەستگیکردنی مامۆستایان پێویستە ئەوانە دادگایی بکرێن کە (29) ساڵە بەھۆی و گەندەڵی و تاڵانیەوە ئەم دۆخەیان خولقاند.
دەشڵێت: رێککەوتن بۆ چاکسازی ئەنجامدرا، لە کارنامەی حکومەتدا بڕیاردرا بۆ چاکسازی لە نەوت و خاڵی سنوری و باج و کۆماپانیاکان، کەچی لە جیاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و کارنامەی حکومەت، خەڵک زیندانی دەکرێت لەسەر ئەوەی داوای موچە دەکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە، خواستی خەڵک بەسەرکوتکردن وەڵامنادرێتەوە، بەڵکو دەبێت دابینبکرێت.
وتیشی: ھەشت مانگە بەڵگەی تاڵانی و قاچاخی کۆمپانیاکانی خاڵە سنوریەکانمان بەوپەڕی وردەکاریەوە خستەڕو کە مانگانە بەھاکەی (100) ملیۆن دۆلارە، بڕیاربو بەو ھەمو گرێبەستە پڕگەندەڵیانەی نەوتدا بچینەوە کە مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار زیانی داوە لە ھەرێمی کوردستان، بڕیاربو باج لە وانە وەربگرنەوە بە گەندەڵی و نایاسایی عەفوکراون، ئەمە جگە لە قەرزەکان، کەچی هیچی ئەنجام نەدراوە، لە بری ئەوە خەڵک دەستگیر دەکەن.
عەلی حەمە ساڵح، باسی لەوەشکرد، کاتێک لە واقعدا خەڵک چاکسازی بەکردار نابینێت و دو مانگە موچەی وەرنەگرتوە! خەڵکی دیکەش دەبینێت لە خاڵە سنوریەکان مانگانە ملیۆنان دۆلار بە قاچاخی دەخاتە باخەڵی ! چۆن ھاوار ناکات.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر بەڵێنەکان جێبەجێ نەکرێن و هاونیشتمانیان بێموچەبن، "بە دڵنیای نەک نابمە بەشێک لەم ستەمکاریە، بەڵکو بە ھەمو توانایەک روبەڕوی دەبمەوە".