فراکسیۆنی گۆران: راگەیەنراوێکی لەسەر دۆخی هەرێم بڵاوکردەوە
02/06/2020
فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان، بەیاننامەیەکى لەسەر دۆخ و ژیانى هاوڵاتیان بڵاو کردەوە و رایدەگەیەنێت؛ ژیانی کاسبکاران و موچەخۆران لە دۆخێکی خراپی ئابوریدایە، لە بری سەرکوتکردن و تانە لێدان، پێویستە خواست و داواكاریە ڕه‌واكانی خەڵک بەشێوەیەکی بەرپرسانە مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
لە بەیاننامەیەکدا، فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند: ژیانی کاسبکاران و موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپی ئابوریدایە، لە بری سەرکوتکردن و تانە لێدان، پێویستە خواست و داواكاریە ڕه‌واكانی خەڵک بەشێوەیەکی بەرپرسانە مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
دەشڵێت: مەترسیدارتر لە کۆرۆنا، ئە‌و گەندەڵی و نادادیەیە، بۆیە باشترین كار له پێناو خه‌ڵكی كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ئەنجام بدرێت، جێبه‌جێكردن و به‌كرداركردنی ئە‌و بڕیار و یاسایانه‌یه كه له بواری چاكسازیدا دراون.
دەقى بەیاننامەکەى فراکسیۆنى گۆڕان
سەرباری خراپی کەرتی تەندروستی و بلاوبونەوەی ڤایرۆسێکی مەترسیداری وەک کۆرۆنا، ھاوڵاتیانی کوردستان ھۆشیارن و بە ھۆشیارییەکی بەرزەوە مەمەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەداکردوە، تەندروستی خۆیان پاراستوە و دەشیپارێزن، پێویستە بەڕێزێکی زۆرەوە باس لە ڕۆڵی خەڵکی کوردستان بکرێت.
مەترسیدارتر لە کۆرۆنا، ئە‌و گەندەڵی و نادادیەیە، كه له هه‌مو سێكته‌ره‌كاندا له ئاستێکی مه‌ترسیداردایه، باشترین كار له پێناو خه‌ڵكی كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ئەنجام بدرێت، جێبه‌جێكردن و به‌كرداركردنی ئە‌و بڕیار و یاسایانه‌یه كه له بواری چاكسازیدا دراون.
ئێمه لە فراکسیۆنی گۆڕان داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کردوە و ئێستاش پێداگیری دەکەین، بۆ بانگ ھێشتی سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی موچە، خراپی گوزه‌ران و ژیانی خەڵک، دۆسیەی (27) ملیار دۆلاری قه‌رز و ئیلتیزامی حکومەتی هه‌رێم، شه‌فافی له داهاتی نه‌وت و ناوخۆ و چه‌ندین پرسی تر كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژیانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، بەداخەوە لە بری ئەوەی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه مه‌رجه‌ع و مینبه‌ری داواكاری و خواسته‌كانی خه‌ڵك بێت و په‌یگیری کێشە و گرفتەکانیان بێت، سڕکراوە!
چاره‌سه‌ر بۆ تێپه‌ڕاندنی ئە‌م دۆخه هه‌یه، لەماوەی رابردوشدا ھەوڵی زۆرمان داوە و ئێستاش جەختی لەسەر دەکەینەوە کە:
یەک: رێککەوتن لەگەڵ عێراق بكرێت و (250) ھەزار بەرمیل نه‌وتی ڕۆژانه ڕاده‌ست بكرێت، له پێناو زامنكردنی موچەی فەرمانبەران، بەتایبەت کە نرخی نەوت لە بەرزبونەوە و ھەڵکشاندایە.
دوو: جێبه‌جێكردنی هه‌رچی زوتری ئە‌و بڕیارانەی بۆ چاکسازی لە داھاتدا دراون لە (22/3/2020)، تایبەت به گەندەڵی و خەرجیەکانی نەوت و كاری قاچاغی کۆمپانیاكان له خاڵە سنوریەکان و باج و. . . . . ھتد.
سێ: جێبەجێکردنی ھەرچی زوتری یاسای چاکسازی لە موچەو خانەنشینی، پاککردنەوەی لیستی موچەخۆران لە دەیان ھەزار خه‌ڵكی بندیوار و دوو موچه و ناشایسته، ئاشکراکردن و تێپه‌ڕاندنی هه‌ر ئاستە‌نگ و به‌ربه‌ستێك له جێبه‌جێكردنی یاساکەدا ھاتوەتە پێش و دێته پێش.
چوار: شه‌فافكردن و ڕێگریكردن، له‌و گەندەڵی و به‌هه‌ده‌ردانانه‌ی له داهاتی ناوخۆ و نه‌وتی هه‌رێمدا ده‌كرێت، له پێناو دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران.
پێنج: ئاشكراكردن و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، به به‌ڵگه‌ی ته‌واوه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و ڕایگشتی، بانگ هێشتكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ش كه هۆكار بون، بۆ قه‌رزداركردنی حكومه‌تی هه‌رێم.
فراکسیۆنی گۆڕان