بەڵگە و دۆکیۆمێنت؛ نەوشیروان مستەفا چۆن پلانى راپەڕینى داڕشت؟
04/03/2024
هەواڵ و چالاکی
لە ساڵیادى راپەڕینى خەڵکى کوردستاندا سایتى
(گۆڕان) پلانی راپەڕین بڵاودەکاتەوە کە لەلایەن نەوشیروان مستەفا رێبەرى نیو سەدە
لە خەباتى گەلى کورد و فەرماندەی گشتی ئەوکاتى هێزی پێشمەرگەی کوردستان دانراوە
ئەمڕۆ (٣٣) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر راپەڕینی ئازاری
ساڵی (1991) کە لە رۆژی (5/3) لە رانیەی دەروازەی راپەڕین دەستیپێکرد و رۆژی
(20/3) بە رزگارکردنی کەرکوک تاجی سەرکەوتنی لەسەرکرد.
راپەڕین بەپێی پلانێکی ورد ئەنجامدرا، نەوشیروان
مستەفا ئەمین فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەندازیار و پلانداڕێژەری
راپەڕینەکە بو، کە بە نەخشەیەکی وردەوە، سەرجەم بەرنامەکانی راپەڕینی داڕشت و
ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەشکردن بەسەر (10) میحوەردا و هەر میحوەرێک
فەرماندەیەکی بۆ دیاریکرد، بۆ ئەوەی بەپێی نەخشەکە بەڕێوەبچێت.
بەپێی پلانەکە دوای دابەشکردنی هێزەکان، سەعاتی سفر
دیاریکرا و بڕیاردرا هەرکات لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە وەک فەرماندە و بەرپرسی
یەکەمی هێزی پێشمەرگە، فەرمانی جوڵانی هێزەکانی درا بۆ دەستگرتن بەسەر شارۆچکە و
ئۆردوگانی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو ئەو جێیەی لە هەموانەوە لەپێشترە
جوڵە دەکەن.
ئەوکات سەرجەم هێزەکان لەسەر سنور کۆکرانەوە و
رێکخرانەوە و پێویستییەکانیان بۆ دابینکرا و ئەرکەکانیان دەستنیشانکرا، بۆ
دەستگرتن بەسەر شارو شارۆچکە و ئۆردوگاندا بەهاوکاری و هاودەنگی لەگەڵ رێکخستنە
نهێنییەکان و هاوڵاتیان و لایەنگرانی ناو (فەوجەکانی دیفاع وەتەنی و مەفەرزە خاسە
و جەیشی شەعبی و شورتە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مونەزەمەی حیزبی و بەعس و دائیرەی ئەمن و
ئیستیخبارات و موخابەرات و مەقەڕەکانی دیکە).
پلانی راپەڕین کە لەلایەن نەوشیروان مستەفا
فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشێوەیەکی ورد داڕێژراوە و هەرێمی
کوردستان دابەشی (10) میحوەر کراوە و هەر میحوەرێک چەند فەرماندەیەکی بۆ
دیاریکراوە، و کات و ساتی دەستپێکردن و شێوازی جوڵان بەوردی دیاریکراوە.