بەشێک لە ژیاننامەی نەوشیروان مستەفا لە زاری خۆیەوە

18/05/2024

هەواڵ و چالاکی


لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمین، روناکبیر و سەرکردەی نیو سەدە لە خەباتی گەلی کورد، سایتى گۆڕان چەند دێڕێک لەسەر ژیانی بڵاودەکاتەوە کە لە دەنگێکی تۆمارکراوی خۆیەوە، وەرگیراوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
مێژوى ئەم دیمانەیەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ 24 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و تێیدا و ئاوات دەخوازێت خەڵکى کوردستان لە خۆشی و بۆنەدا بن و دڵیان خۆش بێت و دەڵێت: "حه‌زئه‌که‌م خه‌ڵک هه‌موی له‌ خۆشیدابێت، به‌هاران و هاوینان که‌ خه‌ڵک ئه‌بینم له‌ سه‌یران به‌دڵی خۆش و به‌ جلی جوانه‌وه،‌ زۆر زۆرم پێ خۆش ئه‌بێت".


لەو چاوپێکەوتنەدا، نەوشیروان مستەفا لە زارى خۆیەوە کۆمەڵێک زانیارى نوێ لەسەر ژیانی تایبەتی خۆى و سەردەمی منداڵی و بەشێک لە یادەوەرییەکانى لە گەڕەکی سەرشەقام و بەرخانەقاى شارى سلێمانى دەگێڕێتەوە و لە باسی ئەدەب و هونەر و گۆرانی کوردیدا، ناوی ژمارەیەک شاعیر و هونەرمەند و ئەدیب دەهێنێت کە کاریگەرییان لەسەری هەبوە.

ژیانی خێزانی
لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا، نەشیروان مستەفا بە کورتە باسێک رۆژ و شوێنی لەدایکبونی و ژیانی خێزانی باسدەکات و دەڵێت: لە (22/ 12/ 1944) لە کۆڵانی شیوی قازی بەرخانەقا، لە گەڕەکی سەرشەقام لەدایکبوم و خێزانەکەم ناوی شوعلە عەلی سەعیدە. سێ منداڵم هەیە، یەکەمیان کوڕە، ناوی نمایە، نما یەکێکە لەو ناوانەی کە لە کاتی خۆیدا لە خەباتی نهێنی بەکارم ئەهێنا، چونکە کورتکراوەی ناوی خۆم و باوکم و باپیرمە. دو منداڵەکەى دیکەم کوڕ و کچێکى دوانەن کوڕەکەیان ناوی چیایە، کچەکەیان ناوی چرایە.


سلێمانى و (21) ساڵ دابڕان
نەوشیروان مستەفا لە باسی خوێندن و ژیانی منداڵیدا ئاماژە بەوە دەکات؛ "لە سلێمانی سەرەتایی و ناوەندیم تەواو کردوە، دواتر لە زانکۆی بەغدا علومی سیاسی-م خوێندوە، پاشان رۆشتوم بۆ زانکۆی ڤییەنا عیلاقاتی دەولی-م خوێندوە. لە کاتی چون بۆ قوتابخانە، ئەوەی لە بیرم بێ جانتام پێ نەبو، کتێبەکانم بە دەستەوە ئەگرت".


هەر لەبارەى ژیانى منداڵییەوە دەڵێت: "هاوڕێم زۆر بوە، چونکە من خەڵکی گەڕەکێکم کە منداڵی زۆر لە کۆڵانەکەدا بوە، سێ مەکتەب لە کۆڵانەکەی ئێمەدا بوە، بێجگە لەوەی کۆڵانەکەی ئێمەش منداڵی زۆر بوە، بەتایبەتی خانوی وا هەبو سێ بۆ چوار ماڵی تێدابو. بەڵام لەبەرئەوەی ژیانێکی زۆر نائارام و ناڕێکوپێکم هەبوە، لە هەر قۆناغێکدا مەجموعەیەک هاوڕێم هەبوە، بۆ نمونە لە ساڵی (1970)  لە سلێمانی چومەتە دەرەوە و تا ساڵی (1991) نەهاتومەتەوە بۆ سلێمانی، (21) ساڵ لە سلێمانی نەبوم، لەبەر ئەوە دابڕاوم".


"ئێستاش خۆم زۆر لەزەت لەوە ئەبینم بەناو شاردا ئەسوڕێمەوە، زۆر جاری وایە توشی هەندێ ناسیاوم ئەبم کە (30)ساڵە نەمبینیوە، من لە شارەکەی خۆما زۆر هەست بە ئەمینی و دڵنیایی ئەکەم، هیچ جۆرە ترسێکم نییە، زۆر بە دەگمەنیش وا رێککەوتوە مەسەلەن یەکێک لەسەر جادە ئێخەم بگرێ بۆ ئیشێک. قەت رۆژێک لە ڕۆژان شعورم بەوە نەکردوە یەکێک بە خراپە لە من نزیک بوبێتەوە. ئەوەی کە هاتبێتیش رەنگە ئیشێکی هەبوبێ یان پێویستییەکی هەبوبێ".


بیرەوەرییەکانی بەرخانەقا
لە بەشکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا، نەوشیروان مستەفا، ئاماژە بە هەندێ بیرەوەری و یادگاری گەڕەکی سەرشەقام و بەرخانەقا و کەسایەتییەکانی ئەو گەڕەکە دەکات و دەڵێت: "بیرەوەری زۆرم خۆشم هەیە لەبەرخانەقا، لە راستیدا بەرخانەقا گەڕەک نییە، ناوچەیەکە لە گەڕەکی سەرشەقام کە کەوتوەتە بەرخانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی، کەوتوەتە بەر ئەو خانەقایە بۆیە پێی ئەڵێن بەرخانەقا. ئەو گەڕەکە یەکێک بو لەو گەڕەکانەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەنێوان ماڵەکاندا زۆر بەهێز بو، خەڵک یەکترییان خۆش ئەویست، لەکاتی پێویستیدا بە دەم یەکترەوە ئەڕۆیشتن، لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا لە یەکتریان ئەپرسییەوە. لە بەینی دراوسێکانا هاتوچۆ هەبو، لەناو گەنجەکانا یەکێتی و برایەتی لەبەینا هەبو، بێجگە لەوەی گەڕەکێکی سیاسی بو، لەسەردەمی پاشایاتیدا زۆر جار لەو ناوچەیەوە خۆپیشاندانی سلێمانی دەستی پێ ئەکرد".


"لەو گەڕەکە کۆمەڵێ خەڵکی ناسراو و هەڵکەوتو پەیدا بون، بۆ نمونە: لەوانە نوری ئەحمەد تەها، کامەرانی شاعیر و براکانی، د. نەوزاد عەتار، بەشێک لە شاڵییەکان کە بەشی زۆریان دکتۆرن، موهەندیسن، دکتۆر عەزیزی شاڵی کە کاتی خۆی مامۆستا بو لە جامیعەی سەڵاحەدین لە هەولێر، ئەویش یەکێکە لە خەڵکی ئەو کۆڵانەی ئێمە، یەعنی خەڵکی ئەو کۆڵانە هەمو رویان کردۆتە خوێندەواری و لە بوای سیاسیدا زۆر پێشکەوتون".
ئەدەب و هۆنراوە
لە وەڵامی پرسیاری یەکەم کتێب کە خوێندویەتییەوە، نەوشیروان مستەفا دەڵێت: ''لەراستیدا بیرم نەماوە، بەڵام رەنگە دیوانی شیعر بوبێ". سەبارەت بە کاریگەری بەرهەمی نوسەرانی بواری ئەدەبیش، "بە گشتی من نوسینی پێشەنگەکانی نوسەری کوردیم بەلاوە زۆر گرنگە، لەوانە نالی و سالم و پیره‌مێرد، نوسینەکانی پیرەمێرد زۆر کاری تێکردوم، نوسینەکانی ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبی، شێخ محەمەدی خاڵ، عەلادین سەجادی، کە ئەوانە پێشەنگی نوسینی کوردین، لای من ئەوانە زۆر بە نرخ بون و کاریان تێکردوم".


ئەو هۆنراوەیەى بۆ هاوڕێیەکى شەهیدى نوسیوە
ئەی هەڤاڵی بێ سەروشوێن            رەنگی ئاسۆ نیشتوەتە خوێن
دوای نۆژدان و هەڵنان گوتن               وا خەڵکی دیسان ئەبزوێن


ئەمە یەکێکە لە هۆنراوەکانی نەوشیروان مستەفاو سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو هۆنراوەیە دەڵێت: "ئەوە شیعرێکە خۆم دامناوە، دامناوە بۆ کۆمەڵێک لەوانەی کە لە شەڕێکی ناوخۆدا کوژران، یەکێک لەوانە یەکێک لە هاوڕێ هەرە خۆشەویستەکانم بو کەرکوکی بو، بێجگە لەوەی هاوڕێم بو لە رێبازی سیاسیشدا هاوبیری یەکتری بوین، لەوانە بوین لەناو ئەو حیزبەی ئیشمان تیا ئەکرد، ئەگەر ئەویش بمایە ئەبو بە یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵە. بێجگە لەوەی کە کوژرا، جەنازەکەشی نەدۆزرایەوە".


سەرچیمەن و دەرگەزێن و گومرگە سوتاو
لە چاوپێکەوتنەکەدا زیاتر باس لە گەڕەکە دێرینەکانى شارى سلێمانى دەکات و وەک گفتوگۆ هەمیشەییەکانى و نوسینەکانى شیکردنەوەیان بۆدەکات و دەڵێت: "سەرچیمەن لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی دەشتایی و چیمەنی تیا بوە، لە پێشدا قاوەخانەیەکیان لێ دروست کردوە، ناویان ناوە قاوەخانەی سەر چیمەن، دواتر چاپخانەکەی ژیان و پیرەمێرد لەو ناوچەیەدا بو. دەرگەزێن لەناوی دێیەکەوە هاتوە کە لە بازیانە، هەرچەندە ئەڵێن ئەوانەی کە دەرگەزێنیان ئاوەیان کردۆتەوە لە گەڕەکێکەوە هاتون لە هەمەدانەوە و گەڕەکەکە ناوی دەرگەزێن بوە، ئەمانە تاجر و دەوڵەمەند بون، بە هۆی چەوسانەوەی دینییەوە هاتون و ئەم دەرگەزێنەیان ئاوەدان کردوەتەوە".


ئەوەش دەخاتەڕو کە "گومرگە سوتاو" خانێک بوە و گومرگی تیا وەرگیراوە، سوتاوە. بۆ نمونە سەرشەقام بۆیە ناوی سەرشەقامە، چونکە رێگەی سەرەکی کاروانیی بوە بۆ بەغدا.


هونەرو گۆرانی کوردی
وەک لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بۆ کردوە، نەوشیروان مستەفا تا رادەیەک گوێى لە گۆرانی کوردی گرتوە و دەڵێت: "چەند جۆرێکیان هەیە، بۆ نمونە لە گۆرانیبێژە کۆنەکاندا حەزم لە دەنگی سێوە، تایەر تۆفیقە، حەسەن زیرەک، عەلی مەردان، ماملێ. لەم گەنجانەش کۆمەڵێکیان هەیە کە بەڕاستی دەنگیان خۆشە، گۆرانییەکانیان خۆشە، لەوانە بەهجەت یەحیا یەکێکە لەوانەی بێجگە لەوەی دەنگی خۆشە، وشەی جوانیش هەڵئەبژێرێ. دانا غەنی، سەیدئەحمەدی بەرزنجی، ئەمانە هەم شیعری جوان هەڵئەژبێرن هەم دەنگیشیان خۆشە و ئاوازەکانیشیان خۆشە".


هەر لە چوارچێوەی ئەو بابەتەدا، بەمشێوەیە باس لە حەمەساڵح دیلان و ژمارەیەک هونەرمەندی تر دەکات "حەمەساڵح دیلان دەنگی زۆر خۆشە، یەکێکم لەو کەسانەی زۆر حەز ئەکەم گوێی لێ بگرم. خۆشم بە شەخسی دۆستایەتیم لەگەڵی هەبو، سەد خۆزگە گۆرانی زۆری ئەوت، ئەو خۆی پێی ناخۆش بو کە خەڵک وەکو گۆرانیبێژ تەماشای بکەن، پێی خۆش بو خەڵک بە شاعیر و رۆشنبیر و ئەدیب و ئەوەی بزانن، لە راستیدا شاعیرێکی گەورەیە، رۆشنبیرێکی گەورەش بو لە هەمانکاتدا تێکۆشەرێکی گەورەش بو، چونکە زۆر لەسەر کوردایەتی دەربەدەر بو، عەزیەتی بینیوە، حەپس بوە. بەڵام دەنگیشی زۆر خۆش بو ئاوازیشی زۆر باش ئەزانی کەلیماتیشی باش هەڵئەبژارد. بەڵام بە داخەوە کەمی وتوە".


 هەروەها  "محەمەدی ماملێ، بەلامەوە یەکێکە لە گۆرانیبێژە هەرە گەورەکانی کورد. سێوە، بەلای منەوە هەر خۆی شتێکی زۆر تایبەتییە. نەجمەدینی غوڵامی، ئەویش حەزم لە دەنگییەتی. حەسەن زیرەک مەدرەسەیەکی تایبەتییە لە گۆرانی کوردیدا".


گرنگیى بە خواردن نەداوە
لە باسی خواردنیشدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "بەگشتی خواردنم زۆر بەلاوە گرنگ نیە، هەرچییەک بێت، ئەوەنە ئەخۆم کە پێویست بێت" و هەروەها باخچە و گوڵ و گوڵزار بەیەکێک لە "هیوایەتەکانی" دادەنێت و وتی: "باخچە و گوڵ و گوڵزار یەکێکە لە هیواتە هەرە خۆشەکانم، یەکێکە لەو شتانەی کە لەزەتی لێ ئەبینم، گوڵ بەخێو ئەکەم، گوڵ ئەبینم، بۆنی ئەکەم، کە سەیر ئەکەم پەڕەکەی گەشاوەتەوە زۆر زۆر حەزم لێیەتی، لە منداڵیشمەوە وابوم، بۆ ئاگاداریت لە شاخیش کە هەلومەرجی شاخ چەند سەخت و زەحمەت بو، لە ناوزەنگ من لەبەردەمی مەقەڕەکەمانا شوێنێکم تەخت کردبو، یەک حەوزی زۆر جوانم تیا دروست کردبو، بە بۆیەی شین رەنگم کردبو. هەر چواردەورەکەیم کردبو بە جوانترین گوڵ، لە زستانیشا بە نایلۆن ئەمگرت و گوڵم تیا بەخێو ئەکرد".
لە باسى جەژن-دا
نەوشیروان مستەفا ئاماژە بە جەژن لە سەردەمی منداڵی و سەردەمی پێشمەرگایەتی و لایەنی کۆمەڵایەتی شاری سلێمانی و دەکات دەڵێت: زەمانی ئێمە جەژن تامێکی تایبەتی هەبو، چونکە منداڵ بەتایبەت جلی تازەیان بۆ ئەکرد خۆی ئەگۆڕی، گەڕەکی ئێمە لە خوارییەوە دەشتاییەکەی گەورەی لێ بو، لەوێ چەرخ و فەلەقیان دائەنا. دۆندرمەیان دائەنا، پاقلەیان دائەنا و مناڵ خۆیان ئەگۆڕی و ئەچون بۆ ئەوێ بۆ گەڕان بۆ وەخت بەسەربردن و بەناو شارا ئەسوڕانەوە و نەوعێکی جیاواز بو لە هی ئێستا.


تەنانەت ئەو ئەوکاتەی لە شاخ بوین جەژنمان ئەکرد بەتایبەتی ئەو کاتانەی جێگیر ببوین، ئێمەش وەکو خەڵکی تر جەژنمان ئەکرد، بەڵام شەرت نییە بەیانییەکەی چێشتمان لێ بنایە، مەسەلەن لە هەمو مقەڕەکانا گۆشت ئەخورا، برنجیان لێ ئەنا، شلەی خۆشیان لێ ئەنا، جەژنە پیرۆزەیان لە یەکتری ئەکرد، ئەگەر نزیک بوینایە لە دێهات، لە مزگەتەکانا لەگەڵ خەڵکدا جەژنمان ئەکرد، جەژنە پیرۆزەمان لەگەڵ یەکتر ئەکرد. ئێمە دابڕاو نەبوین لە خەڵک".


لە باسی جلوبەرگی کوردیدا، نه‌وشیروان مستەفا "مرادخانی" هەڵدەبژێرێت و پێیوایە "مرادخانی له‌ هه‌مویان موریح ترە بۆ له‌به‌رکردن".


سەبارەت بە جیاوازی کۆمەڵایەتیش لە سەردەمی ئێستاو رابردودا، دەڵێت: "جیاوازی کۆمەڵایەتی ئەگەر چەند لایەنێکی بگرین، پێموایە سلێمانی بە درێژایی زەمەن شارێکی کراوە بوە، سلێمانی بە درێژایی زەمەن ئافرەت تیایدا رێزلێگیراو بوە، هەمیشە لەناو خێزانی خەڵکی سلێمانی رێزی ژنیان گرتوە، کە کچیان بە شو یاوە پرسیان بە خۆی کردوە. زۆر بە دەگمەن وابوە کە شتیان بەسەردا سەپاندبێ، دوای ئەوە لە سییەکانەوە قوتابخانەی کچان هەبوە لەبەر ئەوە ئەبینن لەناو شاری سلێمانیدا هەزاران ئافرەتی خوێندەوار پێگەیشتوە، دکتۆریان تیایە، محامییان تیایە، موهەندیسیان تیایە، مامۆستایان تیایە، خەڵکی خوێندەواری باشیان تیایە، من مەبەستم ئەوەیە سلێمانی هەمیشە شارێکی کراوە بوە، لە راستیشدا لە بەینی دەوڵەمەند و فەقیری جاراندا ڕەنگە ئاستی گوزەرانی خەڵک نزمتر بوبێ لە ئێستا، بەڵام پێموایە دەوڵەمەندەکانی زەمانی جاران زۆر خێرەومەند و یارمەتی فەقیر و هەژاریان داوە بەتایبەتی لە کاتی جەژنان و لێقەومانا، بەڵێ سلێمانی زۆر زۆر گۆڕاوە و جێگەی دڵخۆشییە".


هەروەک لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جوانترین نەریتی کوردەواری ئەوە دەخاتەڕو، کە "راستگۆیی، جوامێری، رێزگرتنی خەڵک، دوزمانی نەکردن، دڵپاکی، دەستپاکی، داوێن پاکی. ئەوانە هەموی نەریتی جوانن، ئەمانە بە یەکیشەوە جوانن".


نەوشیروان مستەفا چ ئاواتێکی خواستوە؟
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەداو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چ ئاواتێکی هەیە، نەوشیروان مستەفا دەڵێت: ئومێدم وایه و حه‌زئه‌که‌م خه‌ڵک هه‌موی له‌ خۆشیدابێت. به‌هاران و هاوینان که‌ خه‌ڵک ئه‌بینم له‌ سه‌یران به‌دڵی خۆش و به‌ جلی جوانه‌وه‌ خواردنی خۆشیان له‌به‌رده‌مه،‌ زۆر زۆرم پێ خۆش ئه‌بێت. ئومێدم وایه‌ که‌ هه‌مو رۆژێک هه‌ر جه‌ژن بێت بۆ خه‌ڵک، خۆشی بێت، خه‌ڵک له‌ ئیسراحه‌تدابن له‌ ره‌فاهیه‌تدابن له‌ ئاسوده‌ییابن ژیانیان باش بێت گیروگرفتیان نه‌بێت


هەواڵی زیاتر