باڵیۆزى بەریتانیا لەعێراق سەردانى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات
10/06/2024
هەواڵ و چالاکی
ئەمڕۆ دوشەممە (2024/6/10)، ستیڤ هیچن باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق بە یاوەرى خاتو ئاڵا هەڵمس بەرپرسى ئۆفیسى سیاسى کۆنسوڵخانەى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلى و چەند رێکخەر و ئەندامێکی ژورە پەیوەندیدارەکان پێشوازیان لێکرا.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى دواین پەرەسەندنە سیاسیەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کرا وپەیوەندیدار بە هەرێمى کوردستان هەردولا جەختیان کردەوە لەوەى پێویستە لە نزیکترین کاتدا و لەمساڵدا وادەیەک بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دابنرێت و هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد لەژێر سەرپەرشتى نەتەوەیەکگرتوەکان و چاودێرى رێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکاندا بەڕێوەبچێت.
هاوکات یەکگوتارى کوردستانى لایەنە سیاسیەکان بەپێویستزانرا بەشێوەیەک؛ بەرمەبناى پاراستنى پرەنسیپە دیموکراسیەکان بێت بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خەڵکى کوردستان لەگەڵ پێداچونەوە و باشترکردنى پەیوەندییەکانى حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراقى فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردولا لە سەرو هەمویانەوە پرسى موچەى فەرمانبەران و شایستە داراییەکان.
لاى خۆیەوە؛ عومەر سەید عەلى جەختى کردەوە کە؛ هەرێمى کوردستان پێویستى بە "حکومڕانى باش"ـە کە ئەوەش بەبێ هەڵبژاردن و گەڕانەوە بۆ ئیرادەى دەنگى خەڵک و دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەسەڵات بەدى نایەت، لەگەڵ چاکسازى و ریفۆرمى گشتگیر و هەمەلایەن کە وەڵامدەرەوەى داخوازى خەڵکى کوردستان بێت و ببێتە هۆى ئەوەى خەڵک بە ئاستێکى بەرز بەشدارى پڕۆسەى هەڵبژاردن بکات و پەرلەمانێکى چالاکتر پێکبهێنرێ کە ئەرکەکانى باشتر بەڕێوەببات لە دەرکردنى یاساى نوێ لە بەرژەوەندى چاکەى گشتى و چاودێرێکى بەهێزیش بێت بەسەر حکومەت و دامەزراوەکانەوە.