رێکخەرى گشتى: بەشداریمان لە حکومەت لەسەر بەرنامەیەكی چاكسازی گشتگیرە
03/03/2019
هەواڵ و چالاکی
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەشداریكردنیان لە كابینەی داهاتوی حكومەت لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە لەسەر بنەمای پرۆژە چاكسازی و دەڵێت: "بۆهیچ هێزێكی سیاسی نابینە پارسەنگ لەبەرامبەر هیزێكی تری سیاسیدا".
رۆژی شەممە، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی مەكۆی كەلار و هەڵسوڕاوان و پیاوماقوڵانی ئەو دەڤەرەو بریندارانی (17)ی شوباتدا، باسی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانیكرد لەناویاندا پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و بە وردی تیشکی خستە سەر پرۆسەی بڕیاری چونە ناوحكومەت و دەقی ئەو رێككەوتننامە سیاسیەی كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامیانداوە.
لە کۆبونەوەکەدا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: "گۆڕان بڕیاری بەشداریكردنی لەحكومەت لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بوە كە لەسەر بنەمای بەرنامە و پڕۆژەیەكە مەرجی چاكسازی و گۆڕانكاری سیستمی حكومڕانی لەخۆگرتوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕان لەسەرجەم جومەگەكانی ئەو دەسەڵاتە، پێگەی دەبێت بۆئەوەی بتوانێت بەرنامەو كاری خۆی جێبەجێبكاتو گۆڕانكاری بكات لەحكومەتی داهاتوودا.
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە "بۆ بەشداریكردنی هەر لایەنێكی تر لەحكومەت ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێك نییە و ناشبینە پارسەنگ بۆهیچ لایەنێكی سیاسی لەبەرامبەر لایەنێكی تردا".
هاوکات ئەنجومەنی مەكۆی كەلار و هەڵسوڕاوان و پیاوماقوڵانی گەرمیان و بریندارانی (17)ی شوبات لە سەردانەکەیان بۆ مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان، سەردانی ئارامگەی نەوشیروان مستەفایان کرد و بەڵێنیان دوپاتکردەوە کە لەپێناو ئەنجامدانی چاکسازی و بەدیهێنیانی هەرێمێک کە دادی کۆمەڵایەتی تێدا بچەسپێت درێژە بە رێبازی رەوانشاد دەدەن.