عومەر سەید عەلی: پێویستە چیتر ژیان و بژێوی هاوڵاتیان بە ئامانج نەگیرێت و تێکەڵ بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان نەکرێن

01/07/2024

هەواڵ و چالاکی

عومەر سەید عەلی لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ کۆنسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک پرس پەیوەست بە موچە و ژیانى خەڵک و هەڵبژاردنەکان تاوتوێ دەکات و رایدەگەیەنێت؛ پێویستە چیتر ژیان و بژێوی هاوڵاتیان بە ئامانج نەگیرێت و تێکەڵ بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان نەکرێن.


ئەمڕۆ دوشەممە (١ى٧ى٢٠٢٤)، ئەندرۆ بیزلی کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە شارى سلێمانى و لەلایەن عومەر سەید عەلی، دلێر عەبدولخالق و شوناس شێرکۆوە پێشوازییان لێکرا.

رێککەوتنی هەرێم و بەغدا پەیوەست بە موچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بابەتێكی سەرەكی کۆبونەوەکە بو کە تێیدا عومەر سەید عەلی، جەختیكردەوە؛ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستییەكی لەرادەبەدەری پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانە و گەڕانەوەیە بۆ شەرعیەتی هاوڵاتیان و شەرعیەتی دەنگدان.

وتیشی: کاراکردنی پەرلەمانێکی بەهێز هۆکاری سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی دامەزراوەكان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و نوێنەرایەتیكردنی خەڵك و نوێنەرایەتیكردنی خواست و داوا رەواكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانە.


لاى خۆیەوە، ئەندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە وڵاتەکەی پێداگرە لە پشتیوانیکردنی بەرێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراودا لەگەڵ چارەسەرکردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و کێشەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران و ئەو قەیرانە داراییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە.


هەردولا بەپێویستیان زانى؛ حكومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئیتیحادى هەنگاوی ئەرێنی بۆ چارەسەركردنی کێشەکان بنێن و لەروانگەی دەستوری عێراقەوە مامەڵە بکرێت، چیتر ژیان و بژێوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئامانج نەگیرێت و تێکەڵ بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان نەکرێن.


هەواڵی زیاتر