وەفدێکى باڵاى یونامى سەردانى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات
16/07/2024
هەواڵ و چالاکی
بزوتنەوەى
گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردن بوە لە وادەى خۆیدا
و داواش دەکات لەمپەر و بەربەستەکانى بەردەم پڕۆسەکە هەڵبگیرێن و هەڵبژاردنێکى پاک
و بێگەرد بە چاودێرى یونامى و رێکخراوەکان لە وادەى دیاریکراودا ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ
سیشەممە (16ى7ى2024)، وەفدێکى باڵاى نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق سەردانى بزوتنەوەى
گۆڕانیان کرد لە مەکۆى سەرەکى لە سلێمانى و لەلایەن عومەر سەید عەلى و ژورە
پەیوەندیدارەکانەوە پێشوازیان لێکرا، لە دیدارێکدا تاوتوێى دۆخى هەرێمى کوردستان و
دواین پێشهاتەکان و پرسى ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و لابردنى
بەربەست و ئاریشەکانى بەردەمى کرا بۆئەوەى لە وادەى دیاریکراودا هەڵبژاردنێکى پاک
و بێگەرد ئەنجام بدرێت.
چۆمان
محەمەد ئەندامى جڤاتى نیشتمانى لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە رایگەیاند: هەرێمى
کوردستان پێویستى حەتمى بەم هەڵبژاردنەیە لەپێناو پاراستنى شەرعیەت و رەوایەتى دامەزراوەکانى
و خودى قەوارەى هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەى گرنگى هەلبژاردن
و لابردنى لەمپەر و ئەنجامدانى رێکارەکان و لە کۆبونەکەدا جەختمان کردەوە کە
بزوتنەوەى گۆران یەکەم هێزى سیاسى بووە کە هیچکات لەگەڵ دواخستنى هەڵبژاردن نەبووە
و "یەکەم هێزى سیاسى بوین کە پرۆژەیاسامان لەرێگەى فراکسیۆنەکەمان پێشکەشى
پەرلەمان کرد بۆئەوەى هەڵبژاردن لە وادەى خۆی بکرایە، ئیستاش ئومێدەوارین ئەو ململانێ
سیاسیەى لەنێوان هەندێک لایەن هەیە و ئەو دۆخ و پێشهاتانەى لە ئارادان لە روى
ئەمنییەوە نەبنە هۆى دوبارە دروستکردنى بەربەرست لەبەردەم پڕۆسەکە".
وتیشى:
داوامان کرد یونامى چاودێرى وردى پڕۆسەکە بکات بە ئاڕاستەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى
پاک و بێگەرد و رێگرى لە ساختەکارى و پێشێکارى لەگەڵ هاندانى دەنگدەران بۆئەوەى بەشداریى
سیاسى هاوڵاتیان لە پڕۆسەکە زیاد بکات.