کۆنسوڵى گشتى ئەمریکا سەردانى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات

18/07/2024

هەواڵ و چالاکی

کۆنسوڵى گشتى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان سەردانى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات و لە کۆبونەوەیەکدا چەند پرسێکى پەیوەست بە دۆخى سیاسى و هەڵبژاردن و پێویستى چاکسازى لە هێزەکانى پێشمەرگە و دامەزراوەکان تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ى7ى2024)، مارک سترۆ کۆنسوڵى گشتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و شاندى یاوەرى سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد لە شارى سلێمانى و لەلایەن عومەر سەید عەلى و ژورە پەیوەندیدارەکانى بزوتنەوەى گۆڕانەوە پێشوازیان لێکرا.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامى شاندەکە، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە رایگەیاند: سەردانەکە بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە هەنوکەییە سیاسیانە بو کە پەیوەندیدارە بە هەرێمى کوردستان و عێراق و لە ناوچەکە دەگوزەرێت و کاریگەری و لێکەوتەیان لەسەر پڕۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان و عێراق هەیە. پەیوەست بە هەرێمى کوردستان، یەکێک لەو بایەتانەى جێى بایەخى ئێمەبو لابردنى ئاستەنگەکانى بەردەم هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمان و ئەنجامدانى لە 20ى10ى ئەمساڵ، کۆنسوڵی ئەمریکاش جەختى کردەوە بە هەمو لایەنە سیاسییەکانیان راگەیاندوە ئەمە چانسێکى گرنگە لەبەردەم هەرێمى کوردستان بۆئەوەى هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بۆ ئەنجامنەدانى، مەترسی لەسەر دامەزراوەکان و قەوارەى دەستورى هەرێمى کوردستان گەورەتر دەکات، ئێمەش پشتیوانى بۆچونەکەمان کرد و هانى وەفدى میوانمان دا بۆئەوەى پڕۆسەیەکى پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت کە متمانەى دەنگى خەڵک بگێڕێتەوە بۆئەوەى زۆرترین بەشدارى دەنگدەران لە پڕۆسەکە هەبێت و ئەو بێمتمانەییەى هەیە بە پڕۆسەکە نەمێنێت.

ئاماژە بەوەش دەکان لە کۆبونەوەکەدا کۆنسوڵى گشتى ئەمەریکا دوپاتى کردوەتەوە؛ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە بایەخەوە لە بەرەوپێشچونى پڕۆسەکە و پاکى و بێگەردى و دەستەبەرکردنى جۆرێک لە گێڕانەوەى متمانەى هاوڵاتیان بە پڕۆسەى هەڵبژاردن دەڕوانێت و ئەنجامدانى هەڵبژاردنیش خاڵێکى سەنتەرییە لاى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا.

دلێر عەبدولخالق ورنى دەکاتەوە؛ پەیوەست بە کێشە داراییەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئیتیحادى پەیامى کۆنسوڵى گشتى ئەمەریکا ئەوەبوە کە: ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان دەمێنێتەوە بۆ باشترین پەیوەندى و پاراستنى هەرێمى کوردستان و دەبێت بەرمەبناى دەستورى هەمیشەى عێراقیش شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان بدرێت.

دەشڵێت: جەختکرایەوە لەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەمێننەوە و لەو چوارچێوەیەشدا هەفتەى داهاتو کۆبونەیەکى گرنگ لە واشنتۆن هەیە لەنێوان وەزیرى بەرگرى عێراق و ئەمەریکا بۆ دانانى میکانیزمێک بۆ مانەوەى و کاریگەرى بونى هێزەکانى هاوپەیمانان بە میکانیزمێکى دیکە و ویلایەتە یەکگرتوەکان گەشبینە بە هەوڵەکانى سەرۆک وەزیران سودانى بۆ مانەوەى هێزەکانیان.

هەروەک لە کۆبونەکەدا بەردەوامیی پاڵپشتى ئەمەریکا بۆ هێزەکانى پێشمەرگە بەردەوام دوپاتکرایەوە، بەڵام ئەوەخرایەڕو "ئەم هەڵبژاردنە هۆکارێک بێت بۆئەوەى خەڵک زیاتر بەشدارى پڕۆسەکە بکات بۆئەوەى چاکسازى و ریفۆرمێکى بنچینەیی لە هێزەکانى پێشمەرگە و کاروبارى ئیدارى هەرێمى کوردستان بکرێ و ئاستى خزمەتگوزارى لە کابینەى دەیەم زیاتر رەنگبداتەوە و ئەمەش دەرفەتێک بێت هاوڵاتیان بە رێژەیەکى باشتر بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان، چونکە سبەینێیەکى روناکتر بۆ هەرێمى کوردستان و میلەتەکەمان لە گۆڕێیە وەک لە ئەمڕۆ کە دۆخەکە لە ئاستى چاوەڕوانیەکاندا نیە".

 

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر