بزوتنەوەی گۆڕان: ئێزیدییەکان پێویستیان بە قەرەبوکردنەوەیە، نەک یادکردنەوە لەسەر کەلاوەی ڕوخاو

03/08/2024

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەى گۆڕان یادى 10 ساڵەى کۆمەڵکوژیی کوردانى ئێزیدیی و داگیرکردنى شەنگال بە وەبیرهێنانەوەى خەمێکى دیکەى قوڵى مێژویی گەلى کورد ناودەبات و جەختیش دەکاتەوە کە ئێزیدییەکان پێویستیان بە خزمەت و ژیانێکی شایستەیە، نەک ساڵانە یادکردنەوە لەسەر کەلاوەی ڕوخاو.

بزوتنەوەى گۆڕان داوا لە هەردو حکومەتى هەرێم و فیدراڵ دەکات چیتر لەنێوان بەرداشی کێشەکانیان قەرەبوکردنەوەی ئێزیدیەکان و ئاسایکردنەوەی دۆخی شەنگال و ناوچەکە دوانەخرێت.

دەقی راگەیەندراوەكە:
ئەمڕۆ، (10) ساڵ تێدەپەڕێت، بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزیدی و داگیرکردنی شەنگال و دەوروبەری لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە.
یادی ئەم تاوانە گەورەیە، بیرهێنانەوەی خەمێکی دیکەی قوڵی مێژویی نوێی نەتەوەکەمانە، کە بەهۆیەوە، نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی ئێزیدی کۆمەڵکوژکران و زیاتر لەو ژمارەیەش ڕفێندران و بەرەوژوری (2800) هاونیشتمانی تائێستا بێسەروشوێنن.
سەرەڕای ئەو جینۆساید و ماڵوێرانی و ئاوارەبون و دۆخە ناهەموارەی ڕوبەڕووی ئێزیدییەکان بووەوە، بەداخەوە دوای (10) ساڵ دەستی ئاوەدانکردنەوە نەگەیشتووەتە ئەو ناوچانە و دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە ئێزیدییەکان ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە، هاوکات خراپ ئیدارەدان و بونی هێزگەلی جیاواز؛ دۆخی ئاسایش و ئارامی ناوچەکەشی خستووەتە مەترسیەوە.
لەم یادە تراژیدییەدا، بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برا ئێزیدییەکان دەمێنێتەوە، داواش لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی دەکەین؛ چیتر لەنێوان بەرداشی کێشەکانیان قەرەبوکردنەوەی ئێزیدیەکان و ئاسایکردنەوەی دۆخی شەنگال و ناوچەکە دوانەخرێت، ئێزیدییەکان پێویستیان بە خزمەت و ژیانێکی شایستەیە، نەک ساڵانە یادکردنەوە لەسەر کەلاوەی ڕوخاو.

بزوتنەوەی گۆڕان
3ی ئابی 2024


هەواڵی زیاتر