رێکخەرى گشتى: گۆڕان لەسەر بنەماى چاکسازیى بڕیارى بەشداریکردنى لە حکومەت داوە

06/03/2019

هەواڵ و چالاکی

رێکخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان رایدەگەینێت؛ لەسەر بنەمای‌ ئەنجامدانی‌ چاکسازی‌ و هەڵگرتنی‌ سیستمی‌ پاشەکەوت و باشکردنی‌ ژیانی‌ خەڵک و ئاستی‌ خزمەتگوزارییەکان و بە بڕیاری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ و گشتی‌، گۆڕان بڕیاری‌ بەشدارییی‌ لە حکومەتداوە و ئەوەش رون دەکاتەوە کە یەکێتی‌ نیشتیمانی‌ چوار رێککەوتنی‌ لەگەڵ گۆڕان هەیە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی‌ جێبەجێ نەکردون.

بە سەرکردایەتی‌ نەوشیروان مستەفا گەلەکەمان تاجی‌ سەرکەوتنی‌ لەسەرنا
رۆژی (5)ی‌ ئازار و لە ساڵیادی‌ راپەڕینی‌ گەلی‌ کوردستاندا، عومەر سەید عەلی‌ رێکخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەکی‌ بەرچاو لە هەڵسوڕاوانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ کۆبوەوە و وتی‌: "گەلەکەمان دوای‌ دەیان ساڵ لە خەبات و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی‌ مافە رەواکانی‌، لەم رۆژەدا و لە پێنجی‌ ئازاردا بە سەرۆکایەتی‌ ئەندازیاری‌ راپەرین رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە دەروازەی‌ راپەرین دەستی‌ پێکرد و لە رانیەوە پەرەی‌ سەند و هەمو شار و شارۆچکەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستانی‌ گرتەوە و لە نەورۆزدا تاجی‌ سەرکەوتنی‌ خستە سەر خەباتی‌ گەلەکەمان و هەمو دام و دەزگاکانی‌ رژێمی‌ راماڵی‌".

 

وتیشى:"لە راپەڕیندا هەمو چین و توێژ و پێکهاتەکان بەشداربون و سەرکەوتنێکى مەزنیان بەدەستهێنا و زیاد لە چارەکە سەدەیەکە گەلەکەمان خۆى حکومڕانى خۆى دەکات سەربارى هەمو کەموکورتى و گەندەڵییەکان، بۆ هەموان گرنگە ئەو قەوارە سیاسیە بپارێزین و توشى پارچارچە بونى نەکەین و بە یەکپارچەیى بیهێڵینەوە بەشێوەیەک گەلەکەمان بە خۆشگوزەرانى تێیدا بژین".

گۆڕان چۆن بڕیارى بەشداریکردنى دا لە حکومەت
هەر لەو کۆبونەوەیەدا رێکخەرى گشتى، ئاماژەى بە هەڵبژاردنەکانى ساڵى رابردو کرد و هۆکارەکانى کەمبونەوەى رێژەى بەشداریى خەڵکى کوردستانى لە پرۆسەکە رونکردەوە و وتى: "دۆخى بابەتى و خۆیى کاریگەرییان لەسەر دەنگدەران دروستکرد و هەرچۆنێک بو ئەو ئەنجامە دەستکەوت کە راگەیەندرا، سەربارى هەمو ئەو سەختیانەى بەسەرمان هاتوە، کارەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرکەوتویى بەڕێوە براوە".

هەروەک ئەوەى رونکردەوە کە چۆن پارتى دیموکراتى کوردستان وەک براوەى یەکەمى هەڵبژارنەکەى (30)ى ئەیلولى پەرلەمانى کوردستان،  داوای لە بزوتنەوەى گۆڕان کردوە بەشدارى گفتوگۆکان و کابینەى نوێى حکومەت بکات و وتى:"پاش ئەوەى داواکاریی و بانگهێشتنامەمان ئاڕاستەکرا، لەگەڵ جڤاتى گشتى و جڤاتى نیشیمانى کۆبوینەوە و دواى رەزامەندى ئەوان چوینە گفتوگۆکانەوە، چونکە بڕیارى گۆڕان لە لەوێوە دێت نەک تەنها رێکخەرى گشتى یان خانەى راپەڕاندن".

دید و بۆچونەکانى گۆڕان نیشیتمانى و نەتەوەیین
رێکخەرى گشتى گۆڕان، ئەوە دەخاتەڕو کە لە کۆبونەوەکاندا پارتى دیموکراتى کوردستان دانى ناوەى بەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان سەنگى راستەقینەى بزوتنەوەى گۆڕان نییە، لە بەرامبەردا شاندى گۆڕان جەختى کردوەتەوە کە ناچینە حکومەت بۆئەوەى ببینە دیکۆرى کابینەکە و حکومەت و حیزبێکى کارتۆنى بین، ئەگەر بڕیارى چونە دەسەڵات و کابینە نوێ بدەین  را و بۆچونى خۆمان هەیە و "یەکەم داواکاریمان ئەوەیە ئەو لایەنە سیاسیانەى کە لە کابینەى نوێ بەشدار دەبن داڕێژەرى بەرنامەى کابینەى (نۆ) بن نەک حیزبێک یان دو حیزب کارنامەکە دابنێن و ئێمە دواى بکەوین، بەڵکو هەمو لایەنەکان بەرنامەکەى حکومەت بۆ چوار ساڵ دایبڕێژن و هەموشیان بەرپرس بن".

باسى لەوەشکرد؛ بۆ پرسى بەغدا، گۆڕان داواى کردوە شاندێک دروست بکرێت لە کابینەى نوێ و پەرلەمان و تەنانەت خەڵکى پسپۆر و پیشەیى لە بوارە جیاواز و پسپۆڕییەکان و رابسپێردرێن گفتوگۆ بکەن لەبارەى ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەرى بکەن، هاوکات بۆ کەرکوکیش هەمو لایەنە سیاسیەکان لەگەڵ پێکهاتەکانى کەرکەرکوک دابنیشن و چارەسەرى کیشەى ئەو شارە بکەن وبۆ ئاسایکردنەوەى دۆخەکە.

وتیشى:"لە سەرەتا کۆبونەوەدا ئەو خاڵانە بە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیەندراوە کە ئەوانە پرەنسیپە گشتیەکانى گۆڕانن، ئەگەر رازین ئەوا درێژە بە گفتوگۆکانمان دەدەین، ئەگەرنا ئێوە خاوەنى (45) کورسین و زۆرینەن حکومەت دروستبکەین، لەبەرامبەردا ئەوان وتیان؛ دید و بۆچونەکانى ئێوە دید و بۆچونى نیشیتیمانى و نەتەوەیین و بە خزمەتى خەڵکى کوردستانن و قبوڵمانە".

"زیاد لەوەى خۆمان ناوێت، بەڵام دەمانەوێت لە زاخۆ تا خانەقین بەشداربین"
عومەر سەید عەلى، سەبارەت بە پەیکەرى کابینەى حکومەت و چۆنیەتى بەشداریکردنى گۆڕان، رونیکرەوە کە لە کۆبونەوەکانیشدا ئەوەیان خستوەتەڕو کە بەپێى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن گۆڕان خاوەنى (12) کورسییە، یان بە خاڵ یان بەکورسى یان بە قورسایى سیاسى، بەشداربێت و وتى: "جەختمان کردوەتەوە کە ناماناوێت لە زیاترمان بدرێێ و خێرمان پێ بکرێت، بەڵکو دەمانەوێت بە قەبارە و قورسایى خۆمان لە زاخۆ تا خانەقین بەپێى پرەنسیپى ستونى و ئاسۆیى بەشداربین لە هەمو دام و دەزگاکان و داواى زیاتر ناکەین، ئەوانیش پێیان باش بو".

ئەو وادە زەمەنییەى گۆڕان دیارى کردوە 
رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان داواکارییەکى پارتى دیموکراتى کوردستانى ئاشکرا کرد کە جەختیان کردوەتەوەى لەکاتى بڕیاردانى گۆڕان "نابێت پێیەکیان لە حکومەت و پێیەکتان لە ئۆپزسیۆن بێت، وەفدەکەى گۆڕانیش وتویانە ئەوەمان قبوڵە، بەڵام لەبرى ئەوە شەش مانگ دەوەستین بۆ ئەنجامدانى چاکسازى لابردنى پاشەکەوت و باشکردنى بژێوى خەڵک و دابینکردنى خزمەتگوزاریى".

عومەرى سەید عەلى دەڵێت: "دواى شەش مانگ ئەگەر زانیمان هیچ هەنگاوێک نییە بە ئاڕستەى چاکسازى و باشکردنى بژێوى خەڵک، ئەوا گۆڕان وەک لایەنێکى سیاسى و بەشدار لە حکومەت لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان کۆدەبێتەوە، وەک دو لایەنى سیاسى دادەنیشینەوە و دەڵێین ئەوە شەش مانگ تێپەڕى هیچ دەستپێشخەرییەک نیە، بۆیە ئاگاداربن و پێویستە هەنگاو بنرێت، بەڵام شەش مانگى دیکەش دەدەینەوە حکومەت، ئەگەر زانیمان دواى ئەوە هەر هیچ بەرەو پێشچونێک نییە ئەوە ئێمە رادەوەستین و ئینجا دێین قسە بۆ خەڵک و میللەتى خۆمان دەکەین و هەڵوێستى دیکەمان دەبێت، شاندى پارتیش ئەوەى قبوڵ بوە".


جڤات بە زۆرینە بڕیارى دا
دواى چەند چەند دانیشتێک، شاندى گۆڕان و پارتى رێککەوتننامەکەیان واژۆکرد بۆ چارەسەرى مەسەلە سیاسیەکان و بەشدارى لە پەیکەرى حکومەت، پێش ئەوەش رێککەوتنەکە هاتوەتەوە بەردەم جڤاتى گشتى و جڤاتى نیشتیمانى و بۆیان خوێندراوەتەوە کە ئەو وەفدەى ئێوە بڕیارتان لێداوە ئەمە ئەنجامى دانوستانەکانییەتى، دواتر لە کۆى (46) ئەندامى ئامادەبوى جڤات (41) ئەندامیان دەنگیان بە بەڵی داوە و وتویانە رازین بەم رێککەوتنە و تەنها پێنج براى بەرێز رازى نەبون و وتویانە ببینە ئۆپۆزسیۆن.

رێککەوتنەکە سێ بابەتى لەخۆ گرتوە
هەر لەو کۆبونەوەیەدا رێکخەرى گشتى رونی کردەوە کە رێککەوتننامەکەى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان، لەسەر سێ پرس واژۆ کراوە ئەوانیش؛ یەکەمیان: ئەرکى حکومەت بەرامبەر بەغدا لەسەر سێ بنەماى (خاک، سەرەوەت و سامان، بەشداریى لە دەسەڵات و بڕیارى سیاسى لە کابینەى حکومەتى ئیتیحادى).

دوەم: لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، ئەویش لەسەر کۆمەڵێک بنەمان کە لە پێش هەمو شتێکەوە دامەزراوەکان بە نیشتیمانى بکرێن، ئینجا بەگژداچونەوەى گەدەڵى و دەزگایەک دروست بکرێت لە ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئەنجامدانى چاکسازیى، هاوکات لابردنى پاشەکەوتى موچە و خشتەیەک دابنرێت بۆئەوەى قەرزەکانى موچەخۆران و شێوازى دانەوەیان دیارى بکرێن. ئەوە جگە لەبەروپێشبردنى ئاستى خزمەتگوزارى بۆ خەڵکى کوردستان.

سێیەم: لە روى پەیکەرى ئیداریشەوە، بەپێى ئەو کورسییەکانى خۆمان، کە جێگرى سەرۆکى هەرێم بەر بزوتنەوەى گۆڕان کەوتوە هەروەها ئەو دەستەیەى بۆ چاکسازى دادەمەزرێت کە بەرپرسەکەى یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەت دەبێت، لەگەڵ چوار وەزارەت و بریکارى وەزارەتەکانى چوار وەزارەتى دیکە و سێ بەڕێوەبەرى گشتى دیار لەوانە ئەمیندارى پێشمەرگە و بەڕێوەبەرى گشتییەک لە پەرلەمان یەکێکیش لە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە.

رونیشیکردەوە بەپێى رێککەوتنەکە؛ لە وەزارەتەکان بەپێى ئەو (12%)ى هەمانە بەڕێوەبەرى گشتى و راویژکارمان بەردەکەوێت کە "دەبێت لەماوەى سێ مانگدا ئیستیحقاقى خۆمان پێ بدرێت"، وتیشى:'لەسەر ئەو بنەمایانە و بە بڕیارى جڤات، بڕیارى بەشداریکنمان لە حکومەتداوە".

گۆڕان نابێتە لایەنگرى لایەنێک دژى لایەنێکى دیکە
هەر لە کۆبونەوەکەدا رێکخەرى گشتى دوپاتى کردەوە کە ئەم رێککەوتنە وا لە بزوتنەوەى گۆڕان ناکات ببینە لایەنگرى پارتى دژى یەکێتى و لایەنگرى یەکێتى دژى پارتى، لە یەکەم کۆبونەوەش بە پارتی دیموکراتى کوردستانمان وتوە ئەم کارە بەبێ یەکێتى ناکرێت و "تەنانەت داوامانکردوە کۆمەڵى ئیسلامیش بەشداربێت".


یەکێتى بەرامبەر رێککەوتنەکان پابەند نەبوە
سەبارەت بە نێوانى گۆڕان و یەکێتى، عومەر سەید عەلى، وتى:"هەمیشە ئێمە ئەو لایەنە بوین کە ویستى تەبایى و گونجان و پێکەوە کارکردنمان هەبوە و چوار رێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتى نیشیتمانى کوردستان هەیە، یەکەمیان لەنێوان هەردو رەحمەتى جەنابى مام جەلال و جەنابى کاک نەوشیروان بوە لە دەباشان، رێککەوتننامەى دوەم لەنێوان رەحمەتى جەنابى کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت واژۆکراوە لەبەردەم رەحمەتى مام جالال کە لە ژیاندا بوە لە دەباشان، رێککەوتنامەى سێیەم رێککەوتنامەى خۆجێیەتیە لەسەر ئاستى پارێزگاى سلێمانى، چوارەمیش رێککەوتننامەى هەڵەبجەیە،
لەو رێککەوتنامەیەى لەلایەن رەحمەتى کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت واژۆ کرا کە (25) خاڵ بو یەکێتى هیچیان لێ جێبەجێ نەکرد، رێککەوتننامەى حکومەتى خۆجێیەتى سلێمانى تائێستا چەندین بەڕێوەبەرى ناحیە و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ئیدارەى گەرمیان و راپەڕین مافى ئێمە وەریگرین نەیانکرد".

هەروەک باسى لەوەکرد کە لەم کۆتاییەدا یەکێتى چەند جارێک داواى کۆبونەوەیان لەگەڵ گۆڕان کردوە، "ئێمە وتومانە ئێوە یەک هەنگاو بنێن، ئیمە ئامادەین، وتومانە لە هەڵەبجە فەرمان بۆ پارێزگار دەرکراوە بۆ جێگرى پارێزگار و قائیمقامیش دەربکەن کە مافى ئێمە با دەست بە کارەکانیان بکەن دواى ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ دانیشتن، بەڵام نەیانکردوە".

ئەوەشى خستەڕو کە بۆ کۆبونەوەى (18)ى مانگى پەرلەمان یەکێتى داوایان کردوە گۆڕان بەشدارى نەکات، بەڵام "ئێمە پێمان راگەیاندن کە خۆیان ئەو وادەیەیان دیارى کردوە، ئەگەر ئێمە داوامان بکردایە ئەوان ئەو کارەیان دەکرد؟".

وتیشى:"دواى چەند کۆبونەوەیەک لەنێوان پارتى و یەکێتى، دوێنێ رێککەوتن و لەژێر وێنەى رەوانشاد جەنابى مام جەلال واژۆیان کرد، مام جەلال بە رەحمەت کە لە ژیاندا بو بە ئامادەبونى ئەو رێککەوتنیان لەگەڵ ئێمە کرد و جێبەجێیان نەکرد، ئومێد دەکەین ئەو رێککەوتنەى دوێنێ لەژێر وێنەى مام جەلال کردویانە جێبەجێى بکەن بۆ خزمەتى گەلەکەمان".

گۆڕان چ پێوەرێک بۆ نوێنەرەکانى دیارى دەکات
رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان هیواى خواست ستافێکى باش و بەهێز لەسەر بنەماى کۆمەڵێک پێوەر لەسەر پشکى گۆڕان بەشداربن، پێوەرەکانیش لەسەر بنەماى شوێنى جوگرافى و رەگەز و تەمەن و ئاستى توانا و ئەزمونى کارى سیاسى و ئیدارى و دڵسۆزى بۆ بزوتنەوەکە و چەند پێوەرێکى دیکە دەبن و"لەسەر بنەماى خزمخزمێنە و مەحسوبیەت کەسەکان دیارى ناکەین"

هەروەک سوپاسى هەو کەسانەشى کرد کە لەماوەى دە ساڵى رابردودا لە بزوتنەوەى گۆڕان کاریان کردوە و ئێستا وازیان هێناوە یان چونەتە لایەنى سیاسى دیکە و وتى:"ئێمە بە کینە و بوغز سیاسەت ناکەین و گرنگ ئەوەیە لەم چوارساڵەى ئەم کابینەیەى حکومەتیش بزانین چى بۆ گەلەکەمان دەکەین".


فۆتۆ: بڕیار نامیق 



هەواڵی زیاتر