بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی گۆڕان بەهێزتر دەبێت

06/10/2024

D هەواڵ و چالاکی

ئەمڕۆ، یەکشەمە (٦ی ١٠ی ٢٠٢٤)، بە سەرپەرشتی دانا ئەحمد مەجید رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و بە بەشداری مستەفا سەید قادر و سکرتێری جڤاتی نیشتمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە لیژنەی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی ١١٤ی بزوتنەوەی گۆڕان، لە مەکۆی سەرەکی بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا، ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران؛ کەمپەینی هەڵبژاردنی چڕ بۆ کاندیدەکانی لیستی ١١٤ لە بازنەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە بەڕێوەبەرن، هاوکات تەواوی پشتیوانی هونەری و لۆجستی و ڕێکخراوەیی و میدیایی بخەنەگەڕ، بە ئامانجی دەرخستنی زیاتری کاندیدەکان و بەدەستهێنانی متمانەی دەنگی دەنگدەران.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕێکخەری ژوری ڕەوەندی کوردی و بەرپرسی خانمانی ئەوروپا ئامادەی بون، رێکخەری گشتی گۆڕان، ڕۆڵی ڕەوەندی کوردی بەرز نرخاند لە پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان و داوای لێکردن ئۆرگانەکانی دەرەوە لەڕێگەی هاندانی کەسوکار و هاوڕێکانیانەوە بەشداربن لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی گۆڕان و وەک هەمیشە ڕۆڵی نیشتمانیانەی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی و بزوتنەوەی گۆڕان بگێڕن.


هەواڵی زیاتر