دەقی پەیامی دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كشانەوە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی
10/10/2024
D هەواڵ و چالاکی
بەناوی
خوای گەورەی میهرەبان
هاونیشتمانیان ..
هەڵسوڕاو
و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان ..
لە
کۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕۆژی چوارشەمە (٩ی ١٠ی ٢٠٢٤)،
بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤات بڕیاردرا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو حکومەتی هەرێم
و حکومەتی خۆجێی بکشێتەوە.
ئەم
بڕیارە، وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانخوازانی
ناو پەیکەری ڕێکخراوەیی و دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی بزوتنەوەکەمانە.
بڕیاری
کشانەوەمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی؛ بەشێکە لە زنجیرەیەک گۆڕانکاری و هەڵوێست
و بڕیار، کە دوای گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکەمان، بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ ژمارەیەک
سەرکردە و کەسایەتی و هەڵسوڕاوی دەرەوەی بزوتنەوەکەمان، دەستمان پێکردوە و بڕیارمانداوە
بۆ پشتیوانی خەڵکی کوردستان گۆڕان بەهێزبکەینەوە.
لەو
ڕوانگەیەوە، ئەزمونی بەشداریکردنمان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە
شاهێدی خەڵک و هەڵسوڕاو و دەنگدەرانمان، سەرکەوتو نەبو، ئەو کارنامەی بۆ چاکسازی و
خزمەتی گەلەکەمان نوسرا؛ حکومەت جێبەجێی نەکرد، بۆ ئەو ئەنجامەش دوبارە داوای لێبوردن
لە میللەتەکەمان دەکەین، ئەگەرچی بڕیارێکی درەنگ وەختیشە، بەڵام ڕاست و پێویستە، هەربۆیە
سوپاسی سەبر و چاوەڕوانیتان دەکەین و بەڵێن دەدەین هەڵەکان ڕاست دەکەینەوە.
هاونیشتمانیانی
کوردستان..
گۆڕانخوازان..
بزوتنەوەی
گۆڕان بە ستراتیجێکی نوێی سیاسیەوە دێتەوە مەیدان، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەرنامە
سیاسیەی کاک نەوشیروان لە سەرەتای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان؛ بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی
حوکمڕانی هەرێم خستیەڕوو، ستراتیجێک ڕوو لە خەڵک و پشت لە پلە و پۆست و دەسەڵات، ستراتیجێک
بۆ سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی توانا و وزەی شەقام و خەڵک و گەنجان و ژنان و هەڵسوڕاوانمان.
لێرەدا،
بانگەواز بۆ هەمو ئازادیخوازان، دەنگدەرانی کوردستان، کەسایەتی و گۆڕانخوازانی ڕازی
و ناڕازی دەکەین، لەم قۆناغەدا لەگەڵمان بن و بەیەکەوە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ قۆناغی موعارەزەی
سیاسی و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خەم و خواستەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئامادە بکەین،
بەیەکەوە گوڕ بدەینەوە بە خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی
هاوڵاتیان.